٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاروانی چوارەمی هێزی پێشمەرگە گەییشتە كۆبانی

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ڕایگەیاند، چوارەم كاروانی هێزی پێشمەرگە گەییشتووەتە كۆبانی و پاش 44 رۆژ لە مانەوەیان لە شاری كۆبانی، ئەوانەی كە كاروانی سێیەم بوون دەگەڕێنەوە هەرێم، فەرماندەی كاروانی چوارەمی هێزی پێشمەرگەیش‌ لەگەڵ گەییشتنی بە شاری كۆبانی دەڵێت، گشت پێشمەرگەكان بە سەلامەتی گەییشتوون و ئەركی خۆیان ئەنجام دەدەن.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵیح زێباری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دڕەنگانی دوێنێ شەو كاروانی چوارەمی هێزی پێشمەرگە كە لە هەولێرەوە هاتوون بۆ شوێنگرەوەی ئێمە، گەییشتوون و ئێستایش لە كۆبانین كە ژمارەیان 124 پێشمەرگەیە".
(زێباری) گوتیشی، "ئەمڕۆ لەگەڵیان دەبین و شوێنەكانی شاری كۆبانییان پیشان دەدەین، پاشانیش دەگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان".
لەلایەكی دیكەوە فەرماندەی كاروانی چوارەمی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ گەییشتنی بە شاری كۆبانی ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "گشت پێشمەرگەكان بە سەلامەتی گەیشتینە شاری كۆبانی و ئەركی خۆمان ئەنجام دەدەین".
كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28-ی تشرینی یەكەمی 2014 بە چەكی قورس و مامناوەندەوە لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانی بەڕێ كەوتن و ماوەی 35 رۆژ لەوێ بوون و پاشان گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە 3-ی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێ كەوت و كاروانی سێیەمیش لە 15-ی كانوونی دووەمی 2015  گەییشتنە كۆبانی و لەگەڵ شەڕڤاناندا تەواوی كۆبانی و 376 گوندی كوردنشینیان لە تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە، هەروەها دوێنێیش 27-2 كاروانی چوارەمی هێزی پێشمەرگە لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو توركیا بەڕێ كەوتن و پاشان گەییشتنە كۆبانی، بۆیە بڕیارە كاروانی سێیەمی هێزی پێشمەرگە بگەڕێَنەوە هەرێم كە ماوەی 44 رۆژە لەو شارەن.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار