پاش مۆزەخانەکەی مووسڵ، داعش مزگەوتێکی دیکە دەڕووخێنێ

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ئاشکرای کرد کە، تیرۆریستانی داعش مزگەوتێکی دیکەیان لە نێوەڕاستی شاری مووسڵ بۆ ڕووخاندن ساز داوە، هەڵبەت ئەمجارەیان بە شێوەیەکی جیاواز دەیڕووخێنن.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش کەلوپەلی مزگەوتی (شێخ محەمەد ئەباریقی)ـیان لە ناوچەی باب جەدیدەی نێوەڕاستی مووسڵ گوێزتووەتەوە و لە هەوڵی ڕووخاندنیدان."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی گوتیشی، تیرۆریستانی داعش ژمارەیەک کرێکاریان کۆ کردوونەتەوە تا ئەمڕۆ دەست بە ڕووخاندنی مزگەوتەکە بکەن.
وەک (رەجەب) دەڵێ، تیرۆریستان ئەم جارەیان نەیانتوانیوە بە تەقەمەنی بیڕووخێنن، چونکە دەکەوێتە نێوەڕاستی شار و زیانی زۆر بە دەوروبەر دەگەینێت، هەربۆیە بڕیاریان داوە لە رێگەی کرێکارەوە و بە کۆمپرێسەری گەورە بیڕوخێنن.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ئەوەشی خستەڕوو، بیانووی روخاندنی مزگەوتەکە بۆ بوونی گۆڕ لەو شوێنە دەگەڕێتەوە.
گوتیشی، تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر ھەموو دەوا و دەرمانی نەخۆشخانەکانی مووسڵدا گرتووە و گوێزتوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە گەڕۆکەکان کە لە ناو ماڵی بەرپرسەکانی تیرۆریستانی داعشدان.
بەپێی ڤیدیۆیەكیش كە دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بڵاو كرایەوە، هەرچیی پەیكەر و دیواربەند و پاشماوە مێژووییەكانی نێو مۆزەخانەی مووسڵ هەیە، لەلایەن داعشەوە تێكشكێندران.
ئەو پارچە شوێنەوارانە بایەخی مێژووییی گرینگیان هەیە و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا.
چەکدارانی داعش لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کە شوێنەواری ئاشووری و کلدانییەکان لە مووسڵ تێکدەشکێنن، پاساوی ئەوان بۆ ئەو کارەیان کۆمەڵێک فەرموودەن و پێیانوایە "ئەو شوێنانە بوونەتە پەرستگا و شوێنی هاوتا پەیداکردن بۆ خودا".
بڵند ئیبراھیم




