ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەیانەوێ خۆیان هاوكارییەكان بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكەن

دهۆک -KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاوارەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات ئەو هاوكارییەی بەغدا بۆ ئاوارەكانی دەنێرێت، گەندەڵییەکی زۆری تێدا دەكرێت و، داوا دەكەن خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئەو هاوكاریانە بگەیێننە دەستی ئەو ئاوارانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا گیرساونەتەوە .
(غەزوان حامد داودی) ئەندامی 'لیژنەی ئاوارەكان'ـی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕە فەرمییەکەی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە (لیژنەی مافی مرۆڤ) و، ئاوارەكان دانیشتنمان کردووە دەربارەی كێشەکەی ئێستای ئاوارەكان؛ دیارە ئاوارەكان لە بری بەشە خۆراکە مانگانەکەی خۆیان، سەر و، بە 17هەزار دینار قەرەبوو دەكرێنەوە؛ کەچی ١٧هەزار زۆر كەمە، ئاخر وەزارەتی بازرگانی لەمێژە بەشە خۆراكی مانگانەی ئەو ئاوارانەی نەداوە؛ لە 10ی حوزەیرانی پارەوە تا ئێستا."
)غەزوان داودی) گوتیشی: "ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، وەختی خۆی كە چووین بۆ بەغدا، پێیانمان ڕاگەیاند یان لە باتی بەشە خۆراكی مانگانە، پارە دابەش بكەن، یانیش بەشە خۆراكی ئاوارەكان بنێرن بۆ هەرێم، با حكوومەتی هەرێم بە بریكارەكانی پارێزگاكاندا بیانداتێ؛ گوتیان خۆمان بریكار دادەمەزرێنین بۆ مووسڵ، کەچی هەر بۆ نموونە، بریكارەکە شێخان هێشتا دەستی نەکردووە بە كار؛ دیارە خەمیان نییە و، گوێیان لێ خەواندووە."
داودی دەڵێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، هەر خێزانە ئاوارەیەک و، 100 لیتر نەوتی سپییان پێ بدرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت گرێبەستی كردووە لەگەڵ لیژنەی كۆچوكۆچبەران، ئەوەی (ساڵح موتلەگ) سەرپەرشتیی دەكات؛ دوێنێ پرسیارمان كرد لەو لیژنەیە، گوتیان پێنجملیۆن لیترمان دابەش كردووە ئەگەر دابەشی 100 لیتری بكەین زۆر كەمە و، دەكاتە بەشی پەنجاهەزار خێزان، بەڵام ئێمە تەنها لە پارێزگای دهۆكدا 130هەزار ئاوارەی خەڵکی مووسڵمان لێ میوانە؛ لە پارێزگای هەولێر و، سلێمانی و، كەركووكیشدا 125هەزار خێزانە ئاوارەری ترمان هەیە؛ وا زستان تەواو بوو، كەچی زۆربەیان بەشی خۆیانیان وەرنەگرتووە ".
)داودی) گوتیشی: "دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆش بێت، کە مانگی یانزەی پار لە پارێزگای دهۆك، نەوتی بەسەر ئاوارەكاندا دابەش کرد و، بێجگە لە هاوکاریی تر، هەر خێزانێك و، 100 لیتر نەوتی دا پێیان؛ کەچی بەغدا هەر هیچی نەناردووە. وا داوامان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و، وەزیران و، وەزیری كۆچوكۆچبەران و، تەنانەت ساڵح موتلەگیش کردووە، پەڕاوی ئاوارەكان بدەن بە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ؛ ئێمە هەماهەنگییەکی باشمان هەیە لەگەڵ حكقومەتی هەرێمی كوردستاندا و، خۆمان ئەو كارە دەكەین و، پێویست بە لیژنەی ئاوارەكان ناكات، وا هەر گەندەڵی دەكەن و، خەرجیان زۆرە؛ لیژنەكەی ساڵح موتلەگ، شاش دەرچوو."
نەشوان بەرزنجی




