پرۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی بە فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی بە فەرمی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی (ئارام شێخ محەممەد) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، رایانگەیاندووە كە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە فەرمی یاسای پاسەوانی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە.
(ئارام شێخ محەممەد) ڕوونی دەکاتەوە کە، پڕۆژەكە لە 22 ماددە پێكهاتووە و ئامانج لێی، دروستكردنی هێزێكی ئەمنییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كردەوە تووندوتیژییەكان و پاراستنی ئاسایشی ناوچە گەرمەكان لەو پارێزگایانەی لە دەرەوەی هەرێمەكانن.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی كردەوە، كە ئەركی ئەو هێزە بەپێی بڕگەی 6ـی ماددەی 4ـی پرۆژەیاساكەدا دیاری كراوە و سەرۆكایەتیی ئەركان و فەرمانگەی كارگێڕی و عەمباری چەک و تەقمەنی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگریی تایبەت لەخۆی دەگرێت؛ دەشڵێت، لە ڕووی پڕچەككردنەوە، ئەرکی ئەو هێزە لە هێزەكانی پۆلیس قورستر و هیی سوپایش سووكتر دەبێت، چونكە وەك لە بڕگەی دووی ماددەی 3ـی پرۆژە یاساكەدا هاتووە، نابێت ئەو هێزە چەكی قورسی هەبێت.
هەر بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی 7ـی پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان سێ كاندید بۆ فەرماندەی پاسەوانی نیشتمانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیاز دەكات و، دوای پەسەندكردنیشی یەكێك لە كاندیدەكان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێتەوە.




