جۆن ئالێن: سەرکردەکانی داعش لە عێراق، نیوەیان کوژراون

ههولێر-KDP.info- واشنتۆنپۆست ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕاستییەکانی شەڕی داعش بڵاو کردووەتەوە کە دوێنێ (جۆن ئالێن) بەرپرسی 'هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعش' نووسیویەتی، دابوویە لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا؛ بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، "نیوەی سەرکردەکانی داعش لە عێراق کوژراون، بەڵام زۆرمان ماوە بە تەواوەتی بنەبڕیان بکەین."
(ئالێن) گوتی: "ئێمە زانیاریی هەواڵگری باشمان دەربارەی ئەو بابەتە پێیە و، زۆر بە چڕی چاودێریمان کردوون تا بیاندەۆزینەوە و مامەڵەی پێویستیان لەگەڵدا بکەین."
هەروەها (ئالێن) بە لیژنەی سیناتۆرەکانی کاروباری دەرەوەیشی گوت: "داعش ڕیشەڵکێش ناکرێت، بەڵام دەشێ ئەوەندەیان لێ بدەین، لە کۆڵ عێراق ببنەوە. ئەگەرچی ئێستاکانێ هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی زیاتر لە جاران دوایان دەکەوێت و چاودێرییان دەکات، بەڵام بەو حاڵەیشەوە بیانییەکان وا هەر دەچنە ڕیزیانەوە، لەبەر ئەوەی گوایە خەلافەتیان داناوە."
(جۆن ئالێن) لە ئاخرەوە بە لیژنەکەی گوت، "بۆ ئەوەی ڕایانماڵین دەبێ وەهایان داهێزین، هیچ شوێنێکی دیکەیان پێ داگیر نەکرێت، ئەوەش وەختی زۆری پێویستە؛ هەم دەشێ بە چەکوچۆڵ لێیان بدەین، هەمیش پەردە درۆیینەکەیان لێ هەڵماڵین با چیتر خەڵکیان پێ فریو نەدرێت."
شیاوی گوتنە کۆبونەوەکەی "جۆن ئالێن لەگەڵ لیژنەی سیناتۆرەکانی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبونەوەکەی کوێت هات لە ڕۆژی دووشەممەدا، کە ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکان و سیاسەتوانەکان سازی دابوو؛ لەوێ ژەنەراڵ (تێری) کە فەرماندەیەکی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعشە، گوتبووی، پێشمەرگە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگی لە ڕۆژئاوای مووسڵ کەوتووەتە دەست، کە ڕێگایەکی سەرەکی و ستراتیژییە، ئەوان بە سەرکەوتوویی لەو بەرەیدا پێشڕەوییان کردوە و، بەهۆی ئەو ڕێگا سەرەکییەشەوە کە ناهێڵن داعش چەک و چەکدارەکانی جووڵە پێ بکات.
و/ خالید ئەحمەد




