ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتان: ٢٠١٤، ساڵی نەهات بوو

هەولێر-KDP.info-بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ٢٠١٤ ساڵی نەهات بوو، هەڵبەت رێکخراوەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە جیهان نەیتوانیوە هاوکاری ئاوارەکان بکات.
دەنگی ئەمەریکا بەشێکی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتانی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت دەوڵەتانی جیهان نەیانتوانیوە خەڵکەکەیان لە گروپە چەکدارەکان بپارێزن.
هەروەها وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دنیای بە خراپ و بێزراو تاوانبار کرد کە پەنا و، هاوکاری زیاتری پەنابەرانیان نەداوە و، پێداویستیەکانیان بۆ دابین نەکردوون.
قەیران و داتا:
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتانی دەریخستوە کە پاش دووەم جەنگی جیهانی، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا زۆرترین ڕێژەی خەڵکی ئاوارەبوون کە نزیکەی (٥٠) ملیۆن کەس بووە.
ڕەخنەی توندی لە کۆمەڵگای ئەوروپایش گرتووە کە وەکو پێویست بە هانای چوارملیۆن ئاوارەکەی سووریاوە نەچوونە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی (٣٤٠٠) پەنابەر یاخود کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا، لە دەریای ناوەڕاستدا، خنکاون.
هەروەها لە (١١٩) وڵاتی جیهاندا بە زۆرداری ڕێگە لە ئازادیی ڕادەربڕین گیراوە و، ڕۆژنامەنووسان زەبروزەنگیان لێ کراوە، (١٣١) وڵاتی دنیایش مامەڵەیان خراپە و، خەڵک ئەشکەنجە دەدەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتان:
ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی توندی لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش گرت کە (ئەمەریکا و، بەریتانیا و، فەرەنسا و، چین و، ڕووسیا)ن، ئەوان لە بەرژەوەندی سیاسی و جوگرافیایی خۆیاندا ڤیتۆیان بەکار هێناوە، بە تایبەتی ڕووسیا لەسەر کێشەکانی ئوکراین.
ڕێکخراوەکە داوای لێکردون کە واز لە ڤیتۆ بهێنن لەسەر کەیسەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی خەڵکی مەدەنی.
پێکدادانە چەکدارییەکان:
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتاندا هاتووە، ساڵی پار لە (٣٥) وڵاتی جیهاندا بەهۆی گروپە چەکدارەکانەوە توندوتیژی ئەنجامدراوە، وە مەترسیدارترینیشیان داعش بووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە داعش لاقەی ئافرەت و منداڵ دەکەن، کەچی دنیا لێیان نەهاتووەتە دەنگ.
سالیلۆ شێتتی سکرتێری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە تواناکانیان بەکاربهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ملیۆنان خەڵکی ئاوارە، بەدابینکردنی سەقامگیری سیاسی و سەرچاوەکانی ئابووری بۆیان.
و/ خالید ئەحمەد




