٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کەمئەندامان کۆمیسیۆنێکیان پێویستە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) دەڵێ، لەبەر ئەوەی مافی كەمئەندامانی عێراق زۆر پێشێل كراوە، داوامان كردووە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی كەمئەندامانی عێراق دابمەزرێت تا هەقیان نەفەوتێت.

(د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ی ڕاگەیاند: "لە خولی ڕابردوودا، داوامان كرد كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی كەمئەندامان پێك بێت، بەڵام حكوومەت ڕەتی كردەوە و، گوتیان ژمارەی وەزارەتەكان كەم دەكەینەوە؛ ڕاستییەکەی جگە لەو كۆمیسیۆنە هیچ فەرمانگەیەك ناتوانێت خزمەت بە كەمئەندامان بكات."

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "كەمئەندامانی عێراقی زۆر مافیان پێشێل كراوە، بۆیە لە ڕێگەی ئەو كۆمیسیۆنەوە ئێمە دەتوانین هەتاكو شوێنی تایبەتیان بۆ دابین بکەین لە پارك و فڕگەکاندا؛ مووچەیان بۆ دابین بكەین، دەتوانین ئۆتۆمبێلی تایبەتی بە كەمئەندامان بهێنین و، هەلی دامەزراندنیان بۆ بدۆزینەوە و، مافەكانیان رێك بخەین."

(د.ئەشواق جاف) ئاماژەی بەوەش كرد: "دامەزراندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی كەمئەندامان زۆر گرنگە و، لەم خولەی ئێستا باسمان كردووە و، جەختیش لەسەر ئەوە دەكەینەوە، ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤ و، لەگەڵ لیژنەكانی تر هەماهەنگی دەكەین تا ئەو كۆمیسیۆنە پێك نەهێنرێت، واز ناهێنین چونكە وەكو فەرمانگەیەك دانراوە، لەهەر وەزارەتێك ئەمەش خزمەتی كەمئەندامان ناكات."

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار