وائیل عەبدوللـەتیف: ناچارمان بکەن کۆماری بەسرە ڕادەگەیێنین

هەولێر -KDP.info- وەزیرێکی ئەوسای حکوومەتی عێراق دەڵێ، بە گوێرەی دەستووری عێراق ڕێ بە دامەزراندنی هەرێم لە عێراقدا دراوە، بۆیە داوا دەکەین بەسرەیش ببێت بە هەرێم؛ و ئەمە داواکارییە هەرە سەرەکییەکەمانە کە یاسا و دەستوور، ڕێی پێی داوە.
وەزیری پێشووی پارێزگاکان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە بەشی بەسرە (وائیل عەبدوللـەتیف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی ڕاگەیاند، "داوا دەکەین و خواستی سەرەکییشمانە بەسرە ببێت بە هەرێم؛ هەڵبەت یاسا و دەستوور ڕێیان پێی داوە؛ ئەگەر کاربەدەست و بڕیاربەدەستانیش دژ بە ئەم خواستە بوەستنەوە، ئەوا ئێمەیش سەرپێچیی دەستوور دەکەین و، کۆماری دیموکراتیکی بەسرە ڕادەگەیێنین."
(وائیل عەبدوللـەتیف) هەروەها گوتی: "ئاخر داواکاری و خواستی بەسرەییەکان دەستووری، یاسایی و ئینسانییە، ئێمە لەوە بووینەتەوە و، بیانەوێ یان نا ئێمە لە داواکەمان پاشگەز نابینەوە؛ چونکە لە دەستووری عێراقدا نووسراوەتەوە کە، سیستمی حوکم لە عێراق پەرلەمانیی فیدراڵییە و، تێیدا دەستەڵاتەکانی ناوەند و هەرێمەکانیش دیاری کراون."
ئەم لێدوانەی ئەو وەزیرەی پێشووی حکوومەتەکەی عێراق لە کاتێکدایە کە، پەرلەمانتاری پارێزگای ئەنباریش (فالح عیساوی) جەخت دەکاتەوە کە هەر پارێزگایەک مافی دامەزراندنی هەرێمێکی دەستووریی هەیە؛ ئاماژەیشی دا کە، بەڵام نابێ هەرێمێکی هۆزهۆزانێ و مەزەبی بێ.
(فالح عیساوی)ـیش بۆ ماڵپەڕەکەمان دووپاتی کردەوە، بە گوێرەی دەستوور ڕێ دراوە دوو پارێزگا یان زیاتر یەک بگرنەوە و ببنە هەرێم، هەڵبەت ڕێکاری یاساییش بۆ پێکهێنانی هەرێم لە عێراقی فیدراڵدا هەیە."
(عیساوی) پشتیوانیی خۆیشیانی بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە، هەروەها لە ئەنبار و سەلاحەدینیش نیشان دا، بەڵام خۆی گوتەنی، دەبێ بە گوێرەی دەستوور و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا بێ.




