تورکیا تەرمی سلێمان شای گوێزتەوە وڵاتەکەی

ئانکارا-KDP.info- بۆ گوازتنەوەی مەزارگەی سلێمان شا، كە لە گوندی قەرەقۆزی سەر بە پارێزگای حەلەبە و هەروەها هێنانەوەی سەربازانی توركیا کە لەو مەزارگەیەن، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی ئەنجام دا و تانك و هێزێکی زەوینی سەر بەو سوپایە توانییان ئەو سەربازانەی لەو مەزارگەیەدان، بگوازنەوە بۆ توركیا.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ئەلعەرەبییە حەدەس، (ئەحمەد داوودئۆغڵو) سەرۆکوەزیرانی تورکیایش لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە شێوەیەکی کاتیی ڕووفاتی سلێمان شامان هێناوەتەوە تورکیا، هاوکات جگە لەو سەربازە کوژراوە، سەرجەم سەربازە پاسەوانەکانیشمان گێڕاوەتەوە تورکیا".
بەپێی زانیارییەکانی ئەلعەرەبییە، ئەو هێزەی تورکیا کە چەکی قورسیان پێ بووە و بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی، بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات، شەوی رابردوو بە رێککەوتن لەگەڵ YPG و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، روویان لە مەزاری سلێمان شا کردووە.
(ئەحمەد داوودئۆغڵو) هەروەها دەڵێ، تورکیا بۆ پاراستنی یاساییش و سەقامگیرییەکەی مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات، هەر هێرشێکیش لە ڕژێم و گرووپە توندڕۆکانەوە، بەرپەرچدانەوەی بە دوادا دێت. تورکیایش لەپێناو پاراستنی سەروەرییەکەی بێ دوودڵی ڕیکاری پێوسیت دەگرێتە بەر.
بەپێ راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا، لە خاكی سووریا بێجگە لەسەر مەزراگەی سلێمان شا، هیچ هێزێكی دیكەی سەربازی توركیا لە سووریادا نییە.
بەپێی پرۆژەبڕیارێک کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2014 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا دەستەڵاتی بە سوپا دراوە بۆ پاراستنی ئەو مەزارگەیە، هێز ڕەوانە بکات.
بەپێی رێككەوتنی ئانکارایش كە ساڵی 1921 لە نێوان توركیا و فەڕەنسادا واژۆ كراوە، ئەو شوێنەی كە مەزارگەی سلێمان شای تێدا بووە وەكو خاكی توركیا ناسراوە.
بۆ پاراستنی ئەو مەزارگەیە ساڵی 1938 بنكەیەكی سەربازی بۆ هێزی جەندرمە بە ناوی بنكەی سەربازیی رێزگرتن دامەزرا و ساڵی 1949 ئەو مەزارگەیە لەلایەن دوو ئەفسەر و هەشت سەربازەوە دەپارێزرا و دواتر بەهۆی گفتوگۆی نێوان ئانکارا و دیمەشق لە ساڵی 1956 هەردوولا بڕیاریان لەسەر گۆڕینی ئەو سەربازانە بە شێوەیەكی مانگانە رێككەوتوون.




