٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیناتۆرێکی دی داوای لە ئۆبامایە چەک و تەقەمەنی بۆ کورد دابین بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (کەی گرینجەر) کە نوێنەری تەکساسی پارتی کۆمارییەکانە لە کۆنگرێس و، سەرۆکی لیژنەی پشتگیرییە داراییەکانی دەوڵەت و کارەباری دەرەوەیە داوای لە (ئۆباما)ـیە بەپەلە چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت.

ماڵپەڕی (دەیلی‌مەیل) ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نامەکەی (کەی گرینجەر) سیناتۆری کۆمارییەکان بۆ (باراک ئۆباما) بڵاو کردووەتەوە، تیایدا داوای هاوکارییەکی زیاتری کردووە بۆ هاوپەیمانەتییە گرنگەکانیان لە شەڕی داعشدا کە میسر و، ئەردەن و، کوردن.
ئەو لە نامەکەیدا هەڕەشەی لە (باراک ئۆباما) کردووە کە لێپرسینەوە لە دەوڵەتەکەی دەکات ئەگەر میسر و، ئەردەن و کورد چەکدار نەکات و پێداویستییە سەربازییەکانیان بۆ دابین نەکات.

(گرینجەر) بۆ ئۆبامای نووسیوە، ئامادەیە هاوکارییە داراییەکانی دەرەوە ڕابگرێت ئەگەر دەوڵەتی ئۆباما بە پیر بانگەوازەکەیەوە نەیەت، ئەویش بە دابینکردنی تانک و فڕۆکەکانی میسر و، هاوکاری سەربازی بۆ هاوپەیمانەکانی دی ناوچەکە کە ڕاستەوخۆ لە شەڕی داعشدان.
(کەی گرینجەر) داوای بە پەلە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە، بە دابینکردنی ئامێر و چەکی سەربازی بۆیان و، مەشقدادانیان بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەن.
لەوەتەی کانوونی دووەمەوە کە پارتی کۆمارییەکان دەسەڵاتی کۆنگرێسیان گرتووەتە دەست، زۆریان بۆ دەوڵەتەکەی ئۆباما هێناوە کە بەشداریی سەربازی و، پاڵپشتی هێزەکانی ناوچەکە بکات بۆ شەڕی داعش؛ بە تایبەتیش لە خەمی هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی ناوچەکەدان، کوردیش یەکێکە لەوانە.
(کەی گرینجەر) گوتی: میسر و، ئەردەن و، کوردەکان بۆ خۆیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و، بەرانبەر داعش شەڕ دەکەن.
ڕەخنەی توندی لە کەمبوونی هاوکاری و پاڵپشتییە ئاسایشییەکانی ئەمەریکا گرت بۆ ناوچەکە و، بڕیارەکانی دەوڵەتەکەی ئۆباما و هێواشی لە چالاکیە سەربازییەکانی بە بڕیاری نادروست ناو برد، ئەو پێی وایە ئەو سستیەی ئۆباما لە لایەن داعشەوە سوودی لێ وەرگیراوە.
جێی باسە (کەی گرینجەر) نوێنەری تەکساسی پارتی کۆمارییەکانە لە کۆنگرێس و، سەرۆکی لیژنەی پشتگیرییە داراییەکانی دەوڵەت و کارەباری دەرەوەیە، ئەو دەتوانێت کلیلی بڕیاردانی هاوکارییە دەرەکییەکان بێت، لەو نامەیەشیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بۆ ئۆبامای ناردووە، مەبەستیەتی ئەمەریکا شێلگیرانە هاوکاری میسر و، ئەردەن و، کورد بکات.
و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار