پەرلەمانتارێک: نێوبژیوان دەکەوێتە بەینی هەولێر و بەغدا.. بەمنزیکانە دەست دەکەنەوە بە گفتوگۆ

هەولێر -KDP.info- (ئەحمەد حاجی ڕەشید) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ڕایگەیاند بڕیار وایە كە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان وەكو لایەنی سێیەم بكەونە نێوان بەغدا و هەولێر، هەتا دەست بکەنەوە بە گفتوگۆ.
(ئەحمەد حاجی ڕەشید) بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پاش ئەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێك نەکەوتن، بڕیار وایە دیسان دەست بکەنەوە بە گفتوگۆ بە نێوبژیوانیی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان."
(ئەحمەد حاجی ڕەشید) گوتیشی: "نێوبژیوان هەوڵی جۆشدانەوەی گفتوگۆ دەدات؛ ئەوەندەی من بزانم نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا نێوبژیوانییەکە دەکەن، چونكە ئەوان لە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی (عەبادی) لایەنی سێیەم بوون."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردەوە دوای ئەوەی حەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی كوردستانیان ڕاگەیاند پارەیان نییە بە هەرێمی بدەن، جۆرە نیگەرانییەك لە ناو خەڵکی كورددا پەیدا بووە، گوتیشی: "دەبێت بەغدا پابەندی بوودجەی 2015 بێت كە بەو گوێرەیە بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە."
یەحیا سابیر




