٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نەدا مێرگەسۆری: حكوومەتی عێراق پابەند نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەدا مێرگەسۆری) دەڵێ، بە پێی یاسا و دەستوور دەبێت حكوومەتی عێراق ئەو بوودجەی بۆ هەرێم دیاری كراوە ڕەوانە بكات، بەڵام دەرکەوت کە حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە.

(نەدا مێرگەسۆری) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی لە نێوان حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی هەرێم كراوە، دەبێت هەردوو لا پابەند بن بەو ڕێكەوتنەوە، حكوومەتی ناوەند دەبێت ئەو بڕە پارەی لە بوودجەی 2015ـدا جێگیر كراوە، ڕەوانەی كوردستانی بكات، حكوومەتی هەرێمیش ئەو بڕە نەوتە ڕەوانە بكات كە دیاری كراوە، وەك دیارە حكوومەتی هەرێم پابەندە بە ڕێكەوتنەکەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق بە داخەوە پابەند نییە و ڕێكەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە؛ هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ ئەوە بووە دڵنیایی بداتە حكوومەتی ناوەند، كە ئێمە پابەندین بەو ئەركەی بە ئێمە سپێردراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق لە ڕووی سیاسی، دارایی تووشی قەیرانێکی گەورە بووە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بێت نەتوانێت پابەند بێت، بەڵام بە پێی ڕێكەوتنە ئەگەر لایەنێك پابەند نەبێت، لایەنەكەی دیكە دەتوانێت پابەند نەبێت بە ڕێكەوتنەكەوە."
(نەدا) گوتیشی: "بەڵام من لەو باوەڕەدام پێویستە هەردوو لا دەرفەتێکی زیاتر بدەنە یەكدی، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند حكوومەتی ناوەند ڕێكەوتنەكە جێبەجێ دەكات، هەتا هیچ بیانووەیەكی پێ نەمێنێت، ئەگەرنا بە پێی یاسا و دەستوور دەبێت حكوومەتی ناوەند پابەند بێت و، ئەو بڕە پارەیەی لە بوودجەی 2015، بۆ هەرێم دیاری كراوە، ڕەوانەی بكات.

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار