سلێڤانەیی: ئەگەر بەغدا پارەی نەنارد ناتوانین بە عێراق بڵێین دەوڵەت

بەغدا-KDP.info- ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق (سەرحان ئەحەمەد سلێڤانەیی) رایگەیاند کە، پەرلەمانتارانی کورد پێش ئەوەی بگەڕێنەوە پەرلەمانی عێراق، سەرەتا لە هەولێر کۆ دەبنەوە و دواتر دەچنەوە بەغدا..گوتیشی ئەگەر بەغدا پارەی هەولێری نەنارد، ئەوا ناتوانین بە عێراق بڵێین دەوڵەت.
ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق (سەرحان ئەحەمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەرلەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و بچینەوە نیو هۆڵی پەرلەمان، سەرەتا لە شاری هەولێر کۆ دەبینەوە و دەمانەوێ کە چووینەوە بەغدا گوشاری زۆر بخەینە سەر بەغدا.
(سەرحان سلێڤانەیی ) وای دەبینێت کە ئەو هەڵوێست و رەفتارەی بەغدا کە دەڵێ پارەمان نییە بۆ هەولێری رەوانە بکەین جێگەی داخە و هەنگاوێکی نادروستە، چونکە بۆ هەموو بەغدا و لایەنێک دەرکەوت کە هەرێم پابەندی رێککەوتنەکەیە و لە یاسایی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥ لە ماددەی یەکەم ئەو رێککەوتنە جێگیرکراوە؛ ئیدی بۆچی بەغدا وا دەکات.
(سلێڤانەیی) دەشڵێت، ئەگەر بەغدا رێککەوتنەکەی نەبردە سەر و پارەی بۆ هەرێم نەنارد، ئەوا دیارە عێراق دەوڵەتی نییە و ناتوانین بە عێراق بڵێین دەوڵەت، چونکە نابێ دەوڵەت یاسا پێشێل بکات.
نەشوان بەرزنجی




