تیرۆریستانی داعش والی خۆیان لە تەلەعفەر گوللەباران کرد

مووسڵ-KDP.info-سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی تەلەعفەر دەڵێ، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش والی خۆیان لە تەلەعفەر گوللەباران کردووە و کەسێکی دیکەیان لە شوێنی ئەو داناوە..جەختیشی کرد کە، فڕۆکە جەنگییەکان لە ھەمان قەزا گەورەترین حەشارگەی چەک و تەقەمەنیان لەناو بردووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش والی خۆیان لە تەلەعفەر بە ناوی (عەبدوڵرەحمان ئەفغانی) گوللەباران کرد، بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی ئاشکرا بکەن و کەسێکی دیکەیان لەشوێنی ئەو داناوە.
(عیسمەت رەجەب)گوتیشی، ئەم شەو فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان گەورەترین حەشارگەی چەک و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعشیان لە تەلەعفەر کردە ئامانج و بە تەواوەتی خاپوریان کرد.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ئەوەیشی گوت، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو سەرکردەیەکی داعشیان بە ناوی (وەلید مەحمود ئەحمەد) لەگەڵ دوو چەکداری دیکە کە لەگەڵی دابوون لە گەڕەکی سۆمەر لە رۆژھەڵاتی مووسڵ کوشت کە ئەو سەرکردەیە برای بەرپرسی پۆلیسی داعشە لە مووسڵ.
بڵند ئیبراھیم




