٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باسک: هەرێمی کوردستان بە تەنها شەڕی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئیسپانیا-KDP.info-سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باسک، ستاییشی ڕۆڵی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بە تەنها شەڕ لە پێناو دیموکراسی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بۆیە پێویستە ئەم هەڵوێستەی هەرێم لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی ئیسپانیا بە هەند وەربگیرێت و کاری لەسەر بکرێت.

لە میانەی دڕێژەدان بە کاروچاڵاکیەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان، (دابان شەدەڵە) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سەردانی هەرێمی باسکی ئیسپانیای کرد و، لەلایەن خاتوو (باکاراتخۆ تێژێرییە ئۆتێرمین) سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باسک بە فەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لە دیدارێکدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سوپاسی هەڵوێستی نوێنەرانی هەرێمی باسکی ئیسپانیای کرد سەبارەت بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن پەرلەمانی ئەو هەرێمەوە و، پشتگیری لە هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆر و، دەربڕینی ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکاری و پشتگیرییەک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

هاوکات، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیسپانیا ئاماژەی بە دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و، لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ ئاماژەدان بە بارودۆخی ئاوارە مەسیحییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆیان.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باسک ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە بەرامبەر ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش کرد، بەو مەبەستە، باسی لە گرنگی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان حکوومەتی هەرێم و ناوەند و پاڵپشتییەکانی حکوومەتی ئیسپانیا بۆ هەرێمی کوردستان کرد، چونکە ئێستا هەرێم لە بری هەمووان شەڕی تیرۆر دەکات. هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کرد کە تەنیاباڵ شەڕی دیموکراسی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بۆیە پێویستە ئەم هەڵوێستەی هەرێم لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکوومەتی ئیسپانیا بە هەند وەربگیرێت و کاری لەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا، هەردوو لا باسیان لە هەماهەنگی و میکانیزمی تازە کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان و، دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ یارمەتیدانی زیاتری هەرێم لەلایەن حکوومەتی ئیسپانیاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار