یەكێتی مامۆستایان داوایان لە عێراقە هۆکارەکەیان پێ بڵێن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاشكرای كرد، كە بەیاننامەیەك لەسەر بارودۆخە ئابوورییەکەی كوردستان، بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنێرن و، چاوەڕێی وەڵام دەکەن.
(ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بەمزووانە، پەیامی خۆمان دەگەیێنینە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی عێراق، لەسەر كێشەوگرفتی بوودجەی فەرمانبەران، با بزانین هۆكاری نەناردنی مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان چییە."
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ئەوەیشی گوت کە، "دەمانەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بكەنەوە بۆچی پارە بۆ فەرمانبەرانی خۆیان هەیە و، بۆ كوردستان نییە؟! ئەوەتا پارە دەنێرن بۆ پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی داعش! با بزانین خەتای حكوومەتی عێراقە یاخود حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
(ئەحمەد گەرمیانی) داوایشی لە مامۆستایان كرد كە سەنگەری خوێندن چۆڵ نەكەن، با منداڵانی شەهید و پێشمەرگە نەنێرنەوە ماڵەوە، چونكە ئەركی ئێمە خزمەتكردنی نەوەی دواڕۆژی كوردستانە.
ماوەی چەند رۆژێكە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سڵمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان هۆڵەكانی خوێندنیان داکێڵاوە و ناچنە سەر کارەکەیان.
هەوراز چنگیانی




