داعش لە ترسی پێشمەرگە بەرە و دەریای ناوەڕاست و لیبیا مل دەنێت

هەولێر -KDP.info- ماڵپەڕی (دەیلیمەیل) ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هەوڵێکی داعش بۆ ناردنی پەنابەران لە ڕێگەی لیبیاوە بڵاو کردووەتەوە؛ بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ئیتالیا زانیویەتی داعش بە نیازە بە دەریای ناوەڕاستدا ٥٠٠هەزار پەنابەر ئاودیوی ئەوروپا بکات. داعش بۆی دەرکەوتووە مادامەکینێ پێشمەرگە هەیە، ئەوان لە عێراقدا جێگەیان نابێتەوە، بۆیە بەرەو دەریای ناوەڕاست و لیبیا مل دەنێن و دەیانەوێ شوێنپێی خۆیان لە لیبیادا قایم بکەن.
داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە لە دۆڕانی بەردەوامدایە، داعش دەرکی بەوە کردوە کە ناتوانێت سنوورەکەی لە عێراقدا فراوانتر بکات، بە تایبەتیش دوای سەرکەوتنە ببڕاینەبڕەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر داعشدا؛ لە تازەترین هێرشی داعشدا لەبەرەی مەخموور گوێڕ باش تێک شکێندران و، میدیاکانی جیهانیش ئازایەتی و لێهاتووییەکەی پێشمەرگەیان بڵند نرخاند و، گەواهیی ئەو ڕاستیەیان دا. بۆیە داعش بیر لە لقوپۆپ هاویشتن بۆ وڵاتانی تر دەکاتەوە، دیارترینیشیان لیبیایە کە پێدەچێت مۆڵگەیەکی باش بێت بۆ ئەوان و، سوود لەو شەڕە بەردەوامەی گروپە توندڕەوەکانی ئەوێندەرێ وەرگرن.
ئیتالیا بەڵگەی ئەو پیلانەی داعشی دەست کەوتوە کەپەیامێکی تەلەفۆنییە و، هەڕەشەی ناردنی ٥٠٠هەزار پەنابەر دەکەن، وەکو (چەکێکی دەروونی) لە دژی ئەورووپا ئەگەر هات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست بخاتە لیبیاوە.
ڕۆژنامە ئیتالیاییەکەی (مەساجیرۆ) بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوە نووسیویەتی ئێستا نزیکەی ٧٠٠هەزار کەس لە کەنارەکانی لیبیا چاوەڕێن بپەڕنەوە، ئەو ڕێژەیە لە دوای لێدوانەکانی ئیتالیا بۆ لێدانی داعشی لیبیا زیادی کردووە.
هەر لە بارەی دۆخی لیبیاوە، لە ڕاپۆرتێکی (بیبیسی)ـدا هاتووە لیبیا داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات گەمارۆکانی چەکی لەسەر لا بەرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، هەڵبەت لەوەتی سەرهەڵدانەکەی ساڵی ٢٠١١ـی خەڵکی لیبیا، ئەنجومەنە نێودەوڵەتییەکەی ئاسایش لەبەر مەترسیی گروپە توندڕەوەکان گەمارۆی چەکی خستووەتە سەر لیبیا.
کۆبونەوەی کۆمکاری عەرەبانیش لەسەر دۆخی لیبیا لەجیاتی مایەی خێر، بووە هۆی گرژیی نێوان قەتەر و میسر، ئاخر نوێنەرەکەی میسر قەتەری تۆمەتبار دەکرد کە پشتی تیرۆریستانی داعش دەگرێت، قەتەریش ناچێتە ژێر بار و، داوای کێشانەوەی باڵوێزەکەیانی کردووە لە میسر.
و/ خالید ئەحمەد




