لەسەر ئافرەت، دوو ئەمیری داعش یەکتریان کوشت!

مووسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیرۆریستانی داعش، ١٨ چەکداری خۆیانیان گولـلەباران کرد، لەبەر ئەوەی لە بەرەکانی شەڕ ھەڵاتبوون؛ دوو ئەمیریش یەکتریان کوشتووە لەسەر ئافرەتێک کە بۆ نیکاحجیهاد ھاتبووە ناویان!
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی داعش لە سەربازگەی غەزلانی، ١٨ چەکداری خۆیانیانی گوللەباران کردووە، ئاخر پشتیان لە شەڕ هەڵکردبوو."
(مەموزینی) گوتیشی: "لە نزیک مزگەوتی حەدبا گەرەکی فارووق لە مووسڵ، ئەو شوێنەی ئەمیری داعش وتاری لێ خوێندەوە، ھێرشیان کردە سەر بنکەیەکی تیرۆریستان و، لە ئاکامدا نۆ تیرۆریست کوژران".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردە ڕایشیگەیاند: "لە جادەی غازی لە شاری مووسڵ، (ئەبووەلید عومەری) و (ئەبووفارسی بیلالی) کە هەردووکیان ئەمیر بوون لە ناو داعشاندا، لەسەر ئەو ئافرەتەی بۆ نیکاحجیهاد ھاتبوو، لێیان بوو بە شەڕ و، یەکتریان کوشت. لە شارەدێی باشیکیشدا ھاونێک بە تیرۆریستاندا تەقیوەتەوە و، پێنجی لێیان کوشتووە."
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەیەکدا تیرۆریستانی داعش دانیان بەوەدا ناوە خۆکوژیان کەم بووەتەوە و، داوایان کردووە لە سووریاوە خۆکوژیان بۆ بنێرن، چونکە زۆرینەی خۆکوژەکانیان لە شەڕی پێشمەرگەدا کوژراون."
بڵند ئیبراھیم




