ڕەشکوژی لە خورماتوو زیادی کردووە

خورماتوو -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتیی خورماتوودەڵێت، دیسان چەند چەکدارێک، کابرایەکیان لە خورماتوو كوشت و هەڵهاتن. دوێنێیش هاووڵاتییەك هەر بەو چەشنە كوژرابوو؛ دیارە دیسانەوە كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا زیادی كردووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتیی خورماتوو (محەمەد فایەق) بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ لە گەڕەكی عەسكەری لە شارۆچكەی خورماتوو، چەند چەكدارێک گوللەیان بە دووكاندارێکەوە ناوە و، دەستبەجێ کوشتوویانە".
(محەمەد فایەق) گوتیشی: "ئەو هاووڵاتییە ناوی "حەمید حەسەن مەحموود"ە و، بەرەگەز توركمانی سوننەیە و، بە ڕەچەڵەک خەڵكی گوندی زەنجلیەیە، بەڵام بە ئاوارەیی لە دووزخورماتوو دەژیا.هەروەكو ڕەشکوژییەکانی دیكە، ڕەشکوژان هەڵهاتوونە و كەسیش دەستگیر نەكراوە".
دوێنێیش هەر لە خورماتوو، هاووڵاتییەكی توركمانی سوننە كوژرابوو. دیاردەی كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتیانی عەرەب و توركمانی سوننە لە ناوچەكە هەرچەندە ماوەیەك بەهۆی كۆبونەوەی لایەنەكان لە گەڵ چەكدارە شیعەكان كەم بووبوویەوە، بەڵام دیسان سەری هەڵداوەتەوە و، ئێستا ڕۆژ نییە کەسێک ڕەشکوژ نەکرێت؛ هاووڵاتیان و لایەنە ئەمنییەكانیش ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی چەكدارە شیعەكان.
كاروان جاف




