٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەگەر عێراق بە ڕێكەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمدا پابەند نەبێت، بە دەردی حكوومەتی ڕابردوو دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی (سیروان سیرینی) دەڵێ، هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئەوە دەسەلمێنێت كە حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ عێراقدا كردوویەتی، ئەگەر بێت و حكوومەتی عێراق لەو ڕێكەوتنەی كراوە پاشگەز ببێتەوە زەرەر دەكات و بە دەردی حكوومەتی ڕابردوو دەچێت، چونكە حكوومەتی هەرێم دەتوانێت هەنگاوی دیكە بنێت و بە پێی یاسا و دەستوور مامەڵە بكات.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی (سیروان سیرینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەگەر تەماشای واقعی عێراق بكەین، عێراق لە بارودۆخێكی خراپدایە و تووشی كۆمەڵێك كێشە بووە، لەوانە كێشەی سیاسی و دارایی و ململانێ".
گوتیشی: "بۆ یەكەم جار كە ئەنجوومەنی نوێنەران توانیی بوودجە لە كاتی خۆیدا پەسەند بكات و، مافی كورد لە بوودجەدا جێگیر بكات، بەڵام بە هۆی هاتنەپێشەوەی ئەو بارودۆخە و دابەزینی نرخی نەوت وای كرد، كە حكوومەتی عێراق نەتوانێت بوودجەی هەرێم ڕەوانە بكات".
(سیروان سیرینی) ئاشكراشی كرد، هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنە كراوە و، ئەو بڕە نەوتەی كە بۆ هەرێم دیاری كراوە ڕەوانە دەكات، هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئەوە دەسەلمێنێت كە حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنەی كراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەیشڵێت: "من ئایندەی هەرێمی كوردستان گەش دەبینم و لە ماوەیەكی نزیكدا بەسەر هەموو كێشەكاندا زاڵ دەبین، بەڵام ئەوەیش بە یەكگرتوویی دەكرێت و پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو بن و پشتیوانی حكوومەتی هەرێم بن، حكوومەتی هەرێم دەتوانێت كێشەی دارایی وەها چارەسەر بكات كە هەر پێویستمان بە بەغدا نەمێنێت."
(سیروان سیرینی) ئەوەیشی گوت: من لەو باوەڕەدام ئەگەر حكوومەتی عێراق لە ڕێكەوتنی هەولێر و بەغدا پاشگەز بیێتەوە، خۆی زەرەر دەكات و، بە دەردی حكوومەتی ڕابردوو دەچێت، چونكە حكوومەتی هەرێم دەتوانێت هەنگاوی دیكە بگرێتە بەر و، بە پێی یاسا و دەستوور مامەڵە بكات."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار