٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فۆستەر فڕایس: کوژرانی کوردێک، وەک کوژرانی ئەمەریکایێک وایە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info-  سیناتۆر (رێند پاڵ)، کە چاوەڕواندەکرێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦ دا کاندید بکات، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بریقەدارکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا بانگەشە بۆ خۆی بکات و، لە دیبەتەکانی پێوەست بە ناردنی هێز بۆ شەڕی داعشیش دوودڵی خۆی نیشان داوە.

بەشی سیاسەتی ماڵپەڕی (هوفینگتن پۆست) ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردووەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا باسی دوودڵی (رێند پاڵ)ـی کردووە بەتایبەت لە رەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

لە هەوڵێکدا (فۆستەر فڕایس)  گەورەبازرگان و بەخشەری ئەمەریکایی، کە پاڵپشتیکەری حیزبی کۆمارییەکانە بەتایبەتی لە پرسی مەسیحییەکاندا، هەستاوە نامەیەکی ئەلیکتڕۆنی بۆ (رێند پاڵ) ناردووە و، لە نامەکەیدا ڕێك چووەتە سەر ئەو پرسیارە، ئاخۆ پێویستە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پێشمەرگە چەکدار بکرێن کەوا شەڕی داعش دەکەن، یاخود نا.


(فڕایس) بۆ (پۆڵ)ـی  نووسیوە: تکاتان لێ دەکەم هەڵوێستتان بگۆڕن، ئەوە فێری شوێنەکەوتوە ئازادیخوازەکانتان بکەن، کەوا کورد ئامادەیی شەڕکردنی تێدایە و هەروەها ئەوان هێزی ئێمەشن، ئەوان لەگەڵ ئێمەدا دڵسۆز بوون و ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە و، ئازایانە شەڕیان دەکەن، کەوا هیچ کەسێکی دیکە نییە لەو ناوچەیەدا ئەو ئازایەتییەی تێدابێت.


هەروەها نووسیویەتی: هاوبەشم لەگەڵ ئەو دوودڵیەت کەوا نیگەرانی لەوەی ئەمەریکاییەکان لەوێ دەکوژرێن، بەڵام من هەمان ئازاری دڵ هەست پێدەکەم کاتێک کوردێکیش دەکوژرێت، تا ئەو جێگایەی کە پێویستە گرینگی پێبدەم بۆ من کوژرانی کوردێک و کوژرانی ئەمەریکاییەک وەکو یەکە.


(فڕایس) لە نامەکەیدا باسی چاکە و گونجاوی کوردی کردوە لەگەڵ مەسیحییەکاندا، کەوا کورد پشتیگیرییەکی زۆر لە مەسیحییەکان دەکات، لە هێڵەکانی پێشەوە شەڕی داعش دەکات بۆ پاراستنیان.


(فڕایس) لە نامەکەیدا بۆ (رێند پاڵ) داوای لێ‌کردووە پشتگیریی کورد بکات و، وەکو سیناتۆرەکانی دی لە دۆزی کوردو پێویستییەکانیان بروانێت بەتایبەتی لەو دۆخەی ئێستای شەڕی داعشدا، (فڕایس) ناوی دوو سیناتۆری تری هێناوە کە دەیانەوێت کاندیدی سەرۆکایەتی بن و پشتگیری لە کورد دەکەن، یەکێکیان (لیندسی گرام)ـە و، ئەوەی تریشیان (تێد کروز)ـە کە ئەوان بە ئاشکرایی ڕایانگەیاندوە پێویستە کورد ڕاستەوخۆ چەکدار بکرێت، داوایشی لە (ڕاند پۆڵ) کردووە بۆ هاوکاریکردنی کورد، هەڵوێست و تێڕوانینی ئەوان پەیڕەو بکات.


جێی ئاماژەیە هەفتەی رابردوو (رێند پاڵ) لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکەمجار هەڵوێستی فەرمیی خۆی بۆ پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە دەربڕی و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.


و/ خالید ئەحمەد 

هەواڵی پەیوەندیدار