٢٠٠ ملیار دینار بۆ قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کوردستان تەرخان کراوە

بەغدا-KDP.info-بەمەبەستی قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی دەستی بەعس لەبودجەی گشتیی عێراقدا بڕی 200 ملیار دینار بۆ ئەومەبەستە دیاری كراوە و؛ سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێت، هیچ ئامارێكی زیانلێكەوتوانیان لەبەر دەستدا نییە.
بڕیار دەری لیژنەی دارایی عێراق( ئەحمەد حاجی ڕەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ماددەی ژمارە 16 لەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بڕی 200 ملیار دیناریان وەك قەربوكردنەوە بۆئەو ناوچانە تەرخانكردوە كە بەهۆی سیاسەتەكانی ڕژێمی لەناوچی بەعسەوە زیانیان پێگەشیتوە بەتایبەت پارێزگای هەڵەبجەو ناوچەی هەورامان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەدانیشتەكانی داهاتوی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران هەوڵدەدەن وردەكاری زیاتر بخەنەڕوو لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بەو ناوچانەی كە زیانیان لێكەوتوە كە ئەوەش سوودێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.
لای خۆشیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی سیاسەتەكانی ڕژێمی لەناوچوی بەعسەوە زیانێكی زۆری مادی و مەعەنەوی بە پارێزگای هەڵەبجەو ناوچەی هەورامان كەوتوە، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی ئەوەیە كە تائێستا لایەنە پێوەندیدارەكانی ناوچەكە نەیانتوانیوە ئامارێكی وردو دروستی زیانەكان تۆماربكەن.
ئاسۆ عەلی




