٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرچاوەیەک: لە مووسڵ شەش هەزار و ٨٩٠ تیرۆریست کوژراون.. داعش خەڵتانی خوێن بووە و وەدەرنانیان نزیکە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  سەرچاوەیەکی تایبەت ئاشکرای کرد کە، لە مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، شەشهەزار و هەشتسەدو نەوەد تیرۆریستی داعش لەنێو مووسڵ کوژراون و، ژمارەیەکی زۆری ئەو تیرۆریستانەیش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانەوە کوژراون. سەرچاوەکە گوتیشی، ئاماژەکان لەلای خەڵکی بە ڕوونی دیارن کە زۆری نەماوە داعش لەو شارەدا وەدەربنرێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت کە نەیویست ناوی ببرێت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، لەگەڵ ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش قورساییان خستووەتە سەر مووسڵ و ماوەیەکی زۆرە لەو شارەدا هەن، بەڵام کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانیان و تیرۆریستان، وای لێهاتووە ترسێکی گەورە بکەوێتە نێو دەروونی تیرۆریستانەوە؛ لە مانگی شەشی ساڵی رابردوویشەوە تاوەکو کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ حەوتھەزار و ٨٢٣ کەس لە مووسڵ کوژراون کە ھەزار و ٣٣ـیان ھاووڵاتی مەدەنین و شەش ھەزار و٨٩٠ تیرۆریستانی داعشن و ٦١٠ ئافرەتیش تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تێکڕای کوژراوەکانی داعشیش لەسەر دەستی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەوە بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەیشی دا، دۆخی مووسڵ زۆر خراپە و ئاو و کارەبا نییە، هەڵبەت کەلوپەلی خۆراک زۆر کەمە بەتایبەتی برنج کە هەر دەست ناکەوێت؛ هەروا داعش بەرەدەوامە لە وێرانکردنی مووسڵ و ورەیان ڕووخاوە، چونکە دەزانن کە لە مووسڵ نامینێننەوە، بۆیە ھەموو جۆرە کردەوەیەک ئەنجام دەدەن و ئاماژەی وەدەرنانی داعشیش لەو شارەدا لەلای خەڵک زۆر بە روونی دەرکەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ خەڵک بە دروشمی "داعشە پیسەکان لە مووسڵ وەدەردەنێین" لە چەندین گەڕەکدا لەسەر دیوارەکان وا نووسرابوو، هەروا چەندین جاریشە کە ئاڵای کوردستان لەو شارەدا لە گەراجەکان و سەر نهۆم و بازاڕدا هەڵدەکرێت و ئەمەش لە رووی دەروونییەوە ترسی خستووەتە دەروونی داعشانەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرایشی کرد، زیاتر لە ٥٠٠ تیرۆریستی داعش لە ترسی بردنیان بۆ پێشەوەی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەدا، خۆیان ون کردووە و تا ئێستا داعش بەدوایانەوەیە، بەڵام نازانرێ بۆ کوێ چوونە و لە کوێن و هیچ ئاسەوارێکیان دیار نییە.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەیشی دا، ئازوقەی گشتیی داعش بە جارێ بڕاوە و لەو رووەوە داعش ناتوانێ بەرگەی بێخۆراکی بگرێ، بۆیە ئەمەش وایکردووە کە لە رووی خۆراک و خواردەمەنیشەوە لە حاڵەتی قەیرانێکی قووڵدا بن.
هەروا گوتیشی کە، بەهۆی دەرکەوتنی نیەتی راستەقینەی داعش لەلای خەڵکەوە، رۆژانە خەڵک خۆیان ئامادە دەکەن کە، چۆنچۆنی لەگەڵ تەقاندنی یەکەم فیشەک بۆ ئازادکردنی مووسڵ بەشداریی کارایان هەبێت و دەست بکەن بە وەدەرنانی تیرۆریستان لە نێو شارەکەدا.
هەڵبەت سەرچاوەکە زانیاریشی دا، داعش لە نێوخۆیاندا واتە داعشە عەرەبەکان و بیانییەکان لە کێبڕکێدان و کەوتوونەتە مونافەسەی یەکترەوە، بۆیە لە هەندی شوێن گەیشتووەتە راکێشانی تفەنگ و دەستڕێژی گولـلە لە یەکتری، ئەمەیش وایکردووە کە ململانێی نێوخۆیی لە نێو داعشدا پەرەی ستاندووە و متمانەیەیان بەیەکتری نەماوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار