هێزێكی عەرەب كە ژمارەیەكیان پێشتر داعش بوونە ڕەوانەی جەلەولاو سەعدییە دەكرێن

جەلەولا-KDP.info- بەرێوەبەری ئاساییشی جەلەولا موقەدەم (هەژار ئیبراهیم) رایگەیاند کە، هێزێك كە لە عەرەبە توندڕەوەكانی جەلەولاو سەعدییەو بە تایبەتی عەرەبەكانی هۆزی كروی پێكهاتوون ئێستا لە پارێزگای نەجەف مەشقی سەربازییان پێدەكرێت و بڕیارە لە داهاتوودا ڕەوانەی سەعدییەو جەلەولا بكرێن.. هەروا گوتیشی کە ژمارەیەک لەو عەرەبانە کە مەشقیان پێدەکرێت پێشووتر لەنێو داعش بوونە و دژی پێشمەرگە شەڕیان کردووە.
بەرێوەبەری ئاساییشی جەلەولا موقەدەم (هەژار ئیبراهیم) بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستیان گەیستوون هێزێكی نوێ كە لە عەرەبەكانی سنووری جەلەولا و سەعدییەو بە تایبەتی عەرەبەكانی هۆزی كروی پێكهاتوون و ژمارەیان 400 كەسە لە ئێستادا لە پارێزگای نەجەف مەشقی سەربازییان پێدەكرێت.
موقەدەم (هەژار) دەشڵێت، ئەو عەرەبانە كە پێشتر بە شێكیان لەگەڵ داعش دژی پێشمەرگە جەنگاون، بریار وایە لە داهاتوویەکی نزیكدا بگەڕێندرێنەوە بۆ سەعدییە، هەروا 100 كەسیشیان بە ناوی میلیشیا شیعەكانەوە بۆ مەبەستی كاری تێكدەرانە ڕەوانەی ناو جەلەولا بكرێن.
ئاماژەیشی کرد کە، وەك هێزە كوردستانییەكان لە سنوورەكەدا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین بە هاتنی ئەو هێزە بۆ سنوورەكە و پێویستە ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەو ئاساییشەوە بەڕێوەببرێن.
كاروان جاف




