داعشی لیبیا مەترسیی بۆ سەر ئەورووپا دروست دەكات

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (ئێنبیسی نیوز)، ئیتاڵیا هۆشداریی داوە لە پەڕینەوەی داعشەكانی لیبیا لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئیتاڵیا و ئینجا لەوێیشەوە بۆ هەموو ئەورووپا.
لیبیا لەوەتەی حوكمی (مەعەممەر قەزافی) تێدا بە كۆتا هاتووە، هەڕەشەی ئیسلامییە توندڕۆكانی لە سەرە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی (ئێنبیسی نیوز)، ماوەیەكە داعش لە لیبیا دەستی بە چالاكیی جۆراوجۆر كردووە و لە تازەترین ڤیدیۆیشیاندا گرتەیەكیان لەسەر سەربڕینی مەسیحییە میسرییەكانی ناو لیبیا بڵاو كردەوە، لە تۆڵەی ئەوەیشدا میسر كاردانەوەی توندی نواندووە و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی داعش لەناو لیبیا بە چڕی دەست پێ كردووە.
هەر لەسەر خراپیی دۆخی لیبیا، ئەمڕۆ سەرۆكی فەڕەنسا (فرانسۆ هۆڵاند) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆكی میسر (عەبدولفەتاح سیسی) كردووە و پێكەوە باسی مەترسییەكانی بەرفراوانبوونی داعشی لیبیایان كردووە، هەروەها داوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئاساییش و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتییان لەسەر هەڕەشەكانی داعش كردووە.
هەر لە ڕاپۆرتەكەی (ئێنبیسی نیوز)ـدا هاتووە، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا (ئەنگلێنۆ ئەلفانۆ) لە چاوپێكەوتنێكدا داوای لە ناتۆ كردووە كە دەستێوەردان لە دۆخی لیبیادا بكات و گوتوویەتی، "داعش لەبەر دەرگامانە، بۆیە كاتمان بۆ بەفیڕۆدان نییە، هەروەها لەبەر خاتری دواڕۆژی جیهانی ڕۆژئاوا، پێویستە ناتۆ بێتە دەنگ".
جێی باسە لیبیا پێگەیەكی گرنگی بۆ ڕۆژئاوا هەیە، نەك هەر لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەكی وزەی باشی هەیە و لە ڕووی جوگرافیایشەوە دراوسێی میسر و جەزائیرە، بەڵكو لەبەر ئەوەی دەریای ناوەڕاست لیبیا بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، بۆیە داعش زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەوێوە مەترسی بۆ سەر هەموو ئەورووپا دروست بكات.
و/ خالید ئەحمەد




