ئەمشەویش رێگای کەرکووک-بەغدا بە داخراوی دەهێڵدرێتەوە

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو (محەممەد فایەق) رایگەیاند کە، ئەمشەویش رێگای کەرکووک-بەغدا بە داخراوی دەهێڵدرێتەوە و، هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ هێرشی تیرۆریستانی داعش و هەروا گەیشتنی چەکوتەقەمەنی بە سوپا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو (محەممەد فایەق) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆ وە تاوەكو ئێستا رێگای سەرەكی كەركوو – بەغدا داخراوە و ئەمەش بەهۆی پێكدادانی نێوان چەكدارانی داعش و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە ناوچەی عوزێم كە دەكەوێتە سەر رێگاكەوەیە و هەروا ئەمشەویش رێگاکە بە داخراوی دەهێڵدرێتەوە.
(محەممەد فایەق) گوتیشی: بە پێی زانیارییەكان باس لەوەدەكرێت كە حكوومەتی عێراق بە مەبەستی سەلامەتی هاووڵاتیان رێگاكەی داخستبێت، هەروەها هێز و چەك و تەقەمەنی بۆ ئەو ناوچان ڕەوانە دەكات كە چەكدارەكان هێرشیان بۆ بردووە. لە لایەكی دیكەشەوە زانیاری هەیە كە چەكدارانی داعش چەند گوندێكی ناوچەی عوزێمیان گرتبێت هەربۆیە رێگاكە لەبەر سەلامەتی هاووڵاتیان داخراوە بۆ ئەوەی كەس هاتووچۆ نەكات.
كاروان جاف




