داعش هێرشی کردە سەر بەنداوی عوزێم

عوزێم-KDP.info- شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی فراوانیان بۆ سەر بەنداوی عوزێم لە سنووری پارێزگای دیالە دەست پێكرد؛ تا ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێت شەڕوپێكدادانی لەو شوێنەدا بوونی هەبووە، قایمقامی خاڵس دوا زانیاری لەبارەی ئەو شەڕەوە راگەیاند.
شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی فراوانیان بۆ سەر بەنداوی عوزێم لە سنووری پارێزگای دیالە دەست پێكرد؛ تا ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێت شەڕوپێكدادانی لەو شوێنەدا بوونی هەبووە.
لەبارەی دوا زانیارییەكانیشەوە قایمقامی شارۆچكەی خاڵس لە دیالە (عودەی خدران) رایگەیاند کە، شەوی رابردوو داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیان هێناوە بۆ سەر بەنداوی عوزێم، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رووبەرویان بوونەتەوە.
گوتیشی، لە پێكدادانەكەدا 10 تیرۆریستی داعش كوژران كە لە ناویاندا خۆكوژ هەبووە و؛ هەروا ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی چەك و تەقەمەنی و بۆمبرێژكراویش تێك شكێندراون.
ئەوەشی خستەروو، مەبەستی داعش لە گرتنی بەنداوی عوزێم بۆ كاری تێكدەرانە و بەردانەوەی ئاو بووە بۆ دۆڵی ئەلحاوی بە مەبەستی بڕینی رێگای نێوان هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگای دیالە و سەلاحەدیندا.
لە لایەكی دیكەوە بەگوێرەی زانیاریەكان هەر لە شەڕەكەدا سێ سەرباز و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و 23 كەسی دیكەیان لێ برینداربوون.
پێشتر ناوچەكانی سنووری باكووری شارۆچكەی میقدادییە لە سنووری دیالە بۆ ماوەی چەند مانگێك بە دەستی چەكدارانی داعش بوو. ماوەی كەمتر لە 20 رۆژە لە لایەن هێزە ئەمنییە عێراقیەكانەوە ئازادكراون و؛ لە ئێستادا بە شێوەی پچڕ پچڕ لە نێوان سنووری دیالەو سەلاحەدین جموجۆڵی چەكدارانی داعش هەستی پێدەكرێت.
كاروان جاف




