مام و زاوایەکی ئەبوبەکر بەغدایی دەستگیر کران.. نوجێفی داوا دەکات پێوەندییەکانی مالیکی بە کەوتنی مووسڵ ئاشکرا بکرێن

بەغدا-KDP.info- هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەستگیرکردنی مام و زاوایەکی ئەبووبەکر بەغداییان ڕاگەیاند و، گەورەسیاسیێکیش داوا دەکات، وردەکاریی ساتەکانی بەر لە کەوتنی مووسڵ ئاشکرا بکرێ.
تەلەڤزیۆنی عێراق بڵاوی کردەوە کە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە زیقاڕ ئەمڕۆ یەکشەممە و لە پڕۆسەیەکی ئەمنیدا، توانییانە دوو لە نزیکانی بە ناو خەلیفەکەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش(ئەبووبەکر بەغدایی) دەستگیر بکەن، کە ئەوانیش مامیەتی بە ناوی (ساڵح ئیبراهیم عەبدولموئمین) و زاوایەکی کە ناوی (زیا نووری سەعدوون)ـە و هەردووکیشیان کە ئێستا لەبن دەستی هێزە ئەمنییەکانی زیقاڕدا، لە دیارترین سەرکردەکانی ئەو ڕءکخراوە تیرۆریستییەن.
لای خۆیەوە پارێزگاری نەینەوا(ئەسیل نوجێفی)، جەختی کردەوە، "ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی کەوتنی مووسڵ پێکهێنراوە، دەبێ ئەوە ئاشکرا بکات و پەردە لەسەر ئەو نهێنییە لا بدات کە، چەند سەعاتێک بەر لە شکستی مووسڵ لە نێوان فەرماندەکانی سوپا و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق(نووری مالیکی)ـدا هەبووە."
لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ بڵاو بووەتەوە (نوجێفی) هەروەها دەڵێ، "ئەرکی لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لە (فەرماندە سەربازییەکان کە ئەوکات لە مووسڵ بوون)، بکۆڵێتەوە، کە لەگەڵ (نووری مالیکی) لە پێوەندیدا بوون و پێیانڕاگەیاندووە کە لە بەری ڕاستی مووسڵ دەکشێنەوە و دەچنە بارەگای فیرقەی دوو کە دەکەوێتە بەری چەپەوە"، پارێزگاری نەینەوا هاوکات دەپرسێ "داخۆ لە (مالیکی)ـیان پرسیوە بۆچی بەری ڕاستیان چۆڵ کردووە و ئێستایشی لەگەڵدا بێ فەوجی مودەڕەعتان هەیە و هێشتا هیچ شەڕێکی نەکردووە."




