دانیمارک لەبەر تاوانبارێکی بەرەڵا، کەوتووەتە خۆ؛ وێنەی تاوانبارەکەیان بڵاو کردووەتەوە

دانیمارک -KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە پۆلیسی کۆپنهاگن وێنەی کابرا تاوانبارەکەی بڵاو کردووەتەوە و، ئێستا دانیمارک لە دۆخێکی هۆشداری ئاسایشی تونددایە و، بە سەرباز و بە کۆپتەر بە دوای چەکدارە هەڵاتووەکەوەن؛ دەڵێن بە ئۆتۆمبیلێکی (ڤۆلکسواگن پۆلۆ) ڕایکردووە، ترسیش هەیە لە ئەگەری ڕوودانی هەر کردەیەکی تیرۆریستی تر، پۆلیس داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە شوێنە گشتییەکان نزیک نەبنەوە و، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
(هێڵ سۆرنینگ) سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، ئەو کارەی بە هێرشێکی تیرۆریستی زانی و، (دۆناڵد تاسک) سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپایش ڕایگەیاند "هێرشێکی تری تیرۆریستی و دڕندانە، بەها بنچینەییەکانی ئازادیمانی کردە ئامانج، بە تایبەت ئازادیی ڕادەربڕین."
جێی باسە دەگوترێت مەبەست لەو هێرشە بە ئامانجگرتنی (لارس ڤیلکس) کارتۆنکێشە سویدیەکە بووە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا کاریکاتۆری (پێغەمبەر (د.خ)ـی کێشابوو، و دواتر لەلایەن قاعیدەوە ڕاگەیێندراوە، کە هەر کەسێک سەری (لارس ڤیلکس) بپەڕێنێت، سەدهەزار دۆلار دەسخۆشانەی پێ دەدرێت. هەڵبەت (ڤیلکس) و باڵوێزی فەرەنسایش لەو هێرشەدا سەلامەت بوون. لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە پۆلیس (لارس) دەپارێزێت؛ ساڵی ٢٠١٠ ژنێک لە ئەمەریکا بەو تۆمەتەی کە نیازی کوشتنی (لارس)ـی بووە، ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
ئەو هێرشە وەک ئەوەی پاریس وایە، ئاخر لە هەردووکیاندا هێرش کراوەتە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و، جوولەکەکان. دانیمارکیش هەر لە زووەوە لەو کاتەوەی کاریکاتۆری پێغەمبەری (د.خ) بڵاو کردووەتەوە لەژێر مەترسیی هەڕەشەی توندڕەواندایە.
شایانی باسه، دوێنی هێرش کرایە سەر قاوەخانەیەک لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارکدا؛ لەوێ سیمینارێک بۆ ئازادیی ڕادەربڕین ساز کرابوو، کە باڵیۆزی فەرەنسا و، گەورە کاریکاتۆرە سویدییەکەیش بەشدار بوون؛ پاشان هەر ئەو شەوە هێرش کرایە سەر کەنشتێکی جوولەکەکان کە بە پیادە هەر نیو سەعاتێک لە قاوەخانەکەوە دوورە.
و/ خالید ئەحمەد




