شەڕی ئەلیکتڕۆنی لە دژی داعش بەرپا کرا.. هەزار وێبسایت و ئەکاونتیان لە کار خراون

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (میرۆر)ـی بەریتانیا، لە ٣ ڕۆژدا گرووپێکی هاککەری نەناسراو لە داعش هاتوونەتە دەست و، توانیویانە (١٠٠٠) وێبسایت و ئەکاونتی داعش لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا بسڕنەوە و، لایان بەرن، بە گوتەی خۆیان تەقاندوویاننەتەوە.
ئەو گرووپە ئەو چالاکیانەی لەژێر ناونیشانی (ئۆپ ئایسس)ـدا ئەنجام داوە، گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر خەتی بەئامانج گرتوون، دوای ئەنجامدانی ئەو چالاکییەیشیان لە ڤیدیۆیەکدا سەرکەوتنەکەیان ڕاگەیاندووە و ئاهەنگیان گێڕاوە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە ئەو گرووپە تەنگی بە ئەکاونت و وێبسایتەکانی داعش هەڵچنیوە و، هەر بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو هەڕەشەی زیاتر دەکەن و گوتوویانە: (داعش، ڕاوتان دەکەین؛ وێبسایت و، ئیمەیڵ و ئەکاونتەکانتان لادەبەین و دەیان تەقێنینەوە و، وەکو ڤایرۆسێک مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین، ئێمە چارەسەرین، خۆیشمان خاوەنی ئینتەرنێتین.)
لە بارەی گرینگی ئەو چالاکیانە ڕۆژنامەی (سەن)ـی بەریتانیا قسەی لەگەڵ (مارک ئەڵمۆند) شارەزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەویش گوتوویەتی: "ئەگەر بتوانرێت لە جیهانی ئینتەرنێت دابڕێنرێن و لاببرێن و، نەتوانن لەو ڕێگەیەوە مێشکی خەڵکی بشۆنەوە، ئەوا داعش تەمەنی کورتتر دەبێت و ناتوانێ هێزی شەڕکەر لە دەوری خۆی زیاد بکات".
ئەو گرووپەی داعشی هاککردووە، لە لیستێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە، نزیکەی (٨٠٠) ئەکاونتی تویتەر و، چەند وێبسایتێک و، ژمارەیەک ئەکاونتی گۆگڵ پڵەس و، فەیسبووک و، ناونیشانی ئیمەیڵی داعشیان لەناوبردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (میرۆر) بێت، ئەو گرووپە نەناسراون، بەڵام گوتوویانە ئەوان لە هەموو ڕەنگەکانیان تێدایە و، لە موسوڵمان، مەسیحی و، جولەکەش پێک هاتوون و، لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە هاتوون، شەڕی ئەلیکتڕۆنی لە دژی داعش دەکەن.
جێی ئاماژەیە، داعش لە ڕێگەی وێبسایتەکان و، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پڕوپاگەندەکانی خۆیان بڵاو دەکەنەوە و، خەڵکی پێ چەواشە دەکەن و گەنجانی پێ ڕادەکێشن، بە تایبەتی لە وڵاتانی دەرەوە.
و/ خالید ئەحمەد




