ڕەشنووسەکەی ئۆباما بۆ ئەوەیە داعش نەگاتە ئەمەریکا

واشنتن-KDP.info- دوێنێ چوارشەممە (باراک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد کە دەستەڵاتێکی نوێی پێبدەن، تاکو بتوانێت هەڵمەتی سەربازی بۆ ماوەی (٣) ساڵ دژ بە داعش درێژە پێ بدات، لەو دەستەڵاتە نوێیەیشدا واشنتۆن دەیەوێت جگە لە ئاسمانەهێرش، هێزی زەوینی تایبەت بەکار بهێنێت بۆ ڕاوکردنی سەرکردەکانی داعش و، ڕزگارکردنی کارمەندانی ئەمەریکایی لە ئەگەری گرتن و گەمارۆدانیان لەلایەن داعشەوە.
لە راپۆرتێکدا (نیۆرک تایمز) پوختەی ڕەشنووسە داواکارییەکەی واشنتۆنی بۆ بەفەرمی وەرگرتنی دەستەڵات لەسەر بەردەوامبوونی ئاسمانەهێرش و، هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر داعش بڵاو کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەو ڕەشنووسەدا کات دیاری کراوە کە تەنها بۆ ماوەی (٣) ساڵ ئەو هەڵمەتانە بەردەوام دەبن، هەرگیز پێشتر بۆ شەڕی ئەفغانستان و، عێراق کاتی مانەوەی هێزەکان دیاری نەکرابوو.
ئۆباما چ جۆرە دەستەڵاتێکی نوێی گەرەکە؟
لەپاڵ ڕەشنووسەکەدا بۆ کۆنگرێس، ئۆباما نامەیەکیشی ناردووە، تیایدا بەکارهێنانی هێزی زەوینی باس کردووە، تەنها بۆ چەند چالاکیەک لەوانە:
(بۆ هەڵمەتی ڕزگاریی فریاگوزاری)، (بەکارهێنانی هێزی تایبەت بۆ لێدانی سەرکردەکانی داعش)؛ هەروەها (ئۆباما) گوتی، ئەو یاساییە ڕێگادەداتە واشنتن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی زەوینی لەپێناو کۆکردنەوەی هەواڵگری و، بەئامانجگرتنی پێگەکان و ئامانجەکان و، پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق.
هەروەها (ئۆباما) لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرێس نووسیویەتی: "ئەگەر بێتو ئاوا لە داعش بگەڕێین، ئەوا هەڕەشەکانی داعش لەو دیو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دێنە ناوخۆی ئەمەریکایش."
(ئۆباما) داوای لە ئەندامانی هەردوو حیزب(دیموکرات و کۆمارییەکان) کردووە هاوکار بن بۆ دیاریکردن و پێدانی ئەو دەستەڵاتە بە کۆشکی سپی، هەروەها نووسیویەتی: "من هیچ ڕێگەیەکی تر نابینمەوە جگە لەوەی کە کۆنگرێس هاوکارم بێت بۆ هێشتنەوەی گەلەکەمان لە ئاسایشدا، ئەویش بە دانانی ئەو یاسایە دەبێت، هەروەها نیشانی دنیایشی دەدەین کە ئێمە یەکڕیزین لە چارەکردن و بەگژداچونەوەی هەڕەشەکانی داعش."
هەڵبەت ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە دوای ڕاگەیاندن و پشتڕاستکردنەوەی کوشتنی (کایلا مولەر)ـی ٢٦ ساڵان هات کە لەلایەن داعشەوە گیرابوو و ئەمەریکا دەڵێت داعش کوشتوویەتی، لەناو ڕەشنووسەکەدا جگە لە کوشتنی (کایلا مولەر) باسی بارمتە ئەمەریکاییەکانی تریش کراوە کە داعش کوشتنی لەوانە، (جەیمس فۆلی، ستیڤن سۆتلۆف و پیتەر کاسیگ)، ئەوانەی لە نێو دەستەواژەیەکدا وەکو پێویستی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نیشان دراون.
جێی باسە ئەگەر ئەو ڕەشنووسە یاسایە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسند بکرێت، ئەوە یەکەم جار دەبێت لە دوای ٢٠٠٢ـەوە جارێکی تر کۆنگرێس دەستەڵاتی بەکارهێنانی هێز بە سەرۆکی وڵاتەکەی دەداتەوە.
و/ خالید ئەحمەد




