داعش پێنج ئەفسەر و کڵێسەوانێکی گولـلەباران کرد ٣٠ تیرۆرست بە تەقینەوە تێدا چوون

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، تیرۆریستانی داعش پێنج ئەفسەری سوپاکە جارانی عێراق و، کڵێسەوانێکیان گولـلەباران کردووە. تەقینەوەیەکیش ٣٠ تیرۆریستی کوشتووە.
(عیسمەت ڕەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان لە مووسڵ ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش پێنج کۆنەئەفسەری عێراقیان گولـلەباران کردووە؛ عەقید (عیماد حوسێن)، عەقید (دورید ئیبراھیم) و، ڕائید (عەمار مەشعەل)، نەقیب (یوونس شەریف) و، نەقیب (حەسیب جاسم)، هەرپێنجەکەیان پێکەوە تیرەباران کراون."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش ئەلقەس (یەعقووب پۆڵس) بەرپرسی کڵێسەی 'ساعە'یشیان گولـلەباران کردووە و، پاشان بە بەرچاوی خەڵکەوە سەری پەڕێندراوە.
(ڕەجەب) ڕایشیگەیاند، ئەم ئێوارەیە لە ناوچەی 'حەمام عەلیل'ـدا بۆمبێک بە تیرۆریستانی داعشدا تەقیوەتەوە و، سی کەسی لێ کوشتوونە.
بڵند ئیبراھیم




