٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بڕیارە بەغدا بە زیادەوە 17%ـەکەی پشكی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بنێرێت‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات ڕێككەوتنی سەرتایی كراوە لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق، زیاتر لەو پشكەی بۆ هەرێم دانراوە لە ڕووی تەندروستییەوە، دەینێرن؛ وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسینگەیەكی هەماهەنگییشی لە هەرێمدا كردووەتەوە؛ گوتیشی ئەو ئاوارە نەخۆشانەی لە عێراق چارەسەریان نەبێ، دەنێردرێن بۆ دەرەوە .

(د. خاڵس قادر ئەحمەد)  گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بەشی  بەدواداچوونمان هەیە بۆ پشكی 17%ـی هەرێمی كوردستان لە ڕووی تەندروستی؛ لەم حەفتەیە كە وەزیری تەندروستی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كرد هەردوو لامان رێككەوتنێكی سەرەتاییمان كرد كەوا بەشی هەرێمی كوردستان لە لایەنی تەندروستی لە ڕووی داودەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە سەدا 17 زیاتر بێت و، بۆمانی ڕەوانە بكە."
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "ملیۆن و نیوێک ئاوارەیش لە هەرێمی كوردستاندا دەژیێن، بۆیە پێویستمان بەوەیە لە پشكی هەرێم زیاتر بنێرن؛ وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش ڕازی بوونە کە زیاتر بنێرن."
(د.خاڵس قادر) ئەوەیشی باس كرد: "تاكو ئێستا هاوكارییەكانی بەغدا لە ڕووی تەندروستییەوە وەكو پێویست نەبووە بەڵام وەكو سەرەتا گەشبینین، پێمان وایە ئەمساڵ نەك سەدا 17ـەکە، بەڵكو زیادەكەش دەنێرن، لەبەر ئەوەی پێویستە و مافی خۆمانە و، مافی ئەو هەموو ئاوارانەشە كە پێویستە پێداویستییە پزیشكی و دەرمانییەکەی ئەوان  لە لایەن وەزارەتی تەندروستی بەغداوە دابین بكرێت و، ئەوانیش ئەو بەڵێنەیان داوە."
ناوبراو لەبارەی هاوكاریكردنی ئاوارە نەخۆشەكان  ئاماژەی بەوەش كرد: "وەزارەتی تەندروستیی بەغدا نووسینگەی هەماهەنگییان لە هەرێمدا كردووەتەوە و، ئێمەش تا ئێستا ئەو گلەییەمان هەبووە بەڵام لەسەر ئاستی تەندروستی عێراقدا، پرۆگرامی ئەوە هەیە ئەو ئاوارانەی لە عێراقدا چارەسەریان نەبیت دەیاننێرنە دەرەوە؛ داوایشمان كرد جگە لەوان نەخۆشەكانی هەرێمی كوردستانیش بنێرن بۆ دەرەوە، ئەوەی چارەسەریان لێرە نییە لەسەر حیسابی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، گوتیان پێداچوونەوە بەو بابەتەدا دەكەین و، وەك سەرەتایەك ڕازی بوونە."
نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار