پارێزگاری مووسڵ بانگهێشتی لێکۆڵینەوە دەکەن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی کەوتنی مووسڵ دەڵێت، لیژنەکەیان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لەبارەی ھۆکاری کەوتنی مووسڵ و ئەنجامەکەی ھەرچییەک بێت، کە بڕایەوە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەین؛ حەفتەی دادێ پارێزگاری مووسڵیش بانگهێشتی لێکۆڵینەوە دەکەن.
ئەندامی لیژنەی کەوتنی مووسڵ (مەلا سالم شەبەک) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەکەیان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانیان و تاوەکو ئێستا ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و، بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ دوو گەورە ئەفسەری سوپای عێراق بە ناوی (عەبوود قەنبەر) و (عەلی غێدان) لێکۆڵینەویان لەگەڵ بکرێت و، لێکۆڵینەوەیش بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
(مەلا سالم شەبەک) گوتیشی، بڕیارە حەفتەی دادێ لیژنەکەیان بانگھێشتی پارێزگاری مووسڵیش بکات و، لێی بکۆڵیتەوە.
(شەبەک) ڕوونیشی کردەوە، لیژنەکەمان بەردەوام دەبێت و، ئەوەی پەیوەندی بەو بابەتەوە ھەبێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و، ئەنجامەکەی ھەرچییەک بێت ئاخرییەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرای دەکەین، کە خەتای کێ بوو مووسڵ گیرا.
بڵند ئیبراھیم




