٣٤٠٠ بیانی لە ڕۆژئاواوە چوونەتە ناو داعش

ئەمەریکا -KDP.info- سەرەڕای ئەوەی داعش لە زەوی و ئاسمانەوە بۆمباران دەکرێت و لە شکانی بەردەوامدایە، بەڵام وڵاتانی دەرەوە سەرکەوتوو نەبوون لە ڕێگری لە هاووڵاتیەکانیان تاکو پەیوەندی بە داعشەوە نەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگی ئەمەریکا) بەرپرسانی دەزگای تیرۆری ئەمەریکا دەیانەوێت ئەمڕۆ چوارشەممە بە لیژنەی ئاساییشی ناوخۆی وڵاتەکەیان ڕابگەیێنن کە (٢٠٠٠٠) کەسی بیانی لە (٩٠) وڵاتی جیهانەوە چوونەتە ناو داعش.
بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی دژەتیرۆر لە ئەمەریکا (نیک ڕاسموزین) ڕایگەیاند کە (٣٤٠٠) کەسی بیانی لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە چوونەتە ناو داعش، کە (١٥٠) کەسیان ئەمەریکایین.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا ستراتیژییەیەکی بەهێز لە وڵاتانی خۆرئاوا و، ئەمەریکا بەدی ناکرێت کە ڕێگری بکات لە چونی زیاتری خەڵکی بۆ ناو گروپە توندڕەوەکان بە تایبەتی بۆ ناو داعش لە عێراق و، سووریا، ئەوەش جێگەی نیگەرانییە نەک هەر بۆ عێراق و سووریا بەڵکو بۆ ڕۆژئاوا خۆیشی، چونکە ترسیان هەیە لە گەڕانەوەیان و، بڵاوکردنەوەی هزری توندڕەوی و ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە وڵاتەکانیاندا.
و/ خالید ئەحمەد




