بەلجیکا ١٢ ساڵ زیندانی بۆ سەرۆکی گروپێک بڕییەوە

بەلجیکا-KDP.info- هەواڵگەی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە باڵەدادگای بەلجیکا ١٢ ساڵ زیندانی بۆ سەرۆکی (شەریعە بۆ بەلجیکا) بڕییەوە، ئەو و گروپەکەی دەستیان هەبووە لە هەڵخەلەتاندنی گەنجانی بەلجیکایی و ناردنیان بۆ نێو داعش.
ئەو سەرکردەی گروپە ئیسلامیە ناوی (فوئاد بڵقاسم) و، تەمەنی ٣٢ ساڵانە، هەڵبەت ئەو نەچووەتە سووریا و عێراق و نەچووەتە شەڕ، بەڵام بە گوێرەی گوتەی دادوەرەکە بێت ئەو لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە هانی گەنجانی داوە کە بچن پەیوەندی بە داعشەوە بکەن و، ئامادەکاریی بۆ کردوون.
ڕۆیتەرز ئەوەشی گوت، کە بڵقاسم لە کاتی خوێندنەوەی بڕیاری دادگادا هەڵنەستاوە و، ڕێزی دادگای نەگرتووە، بۆیە دوو پۆلیس بە زۆر هەڵیانساندوە.
هەروەها بیبیسی لە بارەیەوە نووسیویەتی گروپی (شەریعە بۆ بەلجیکا) گروپێکی توندڕەوە و، تا ئێستا دادگا (٤٤) کەسی لێ سزا داون.
لە ڕاپۆرتەکەی 'بیبیسی'ـدا هاتوە دادگا بۆ سزادانی فوئاد بڵقاسم بەڵگەی تەواوی لە بەر دەستدا بووە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و، وانەوتنەوەوە هانی گەنجانی داوە پەیوەندی بە داعش و گروپە توندڕەوەکانەوە بکەن.
جێی باسە بەرپرسانی بەلجیکا دەڵێن تاکو ئێستا نزیکەی (٣٥٠) کەس لە بەلجیکاوە چوونەتە عێراق و سووریا و پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە.
و/ خالید ئەحمەد




