٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەو هێزەی بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا دەكات، دیاری كراوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، ١٢لیوا بەشداری لە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵدا دەكەن، كە یەكێك لە لیواكان لە سوپای ئەمەریكا دەبێت.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان حامد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ١٢لیوا بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا دەكەن، كە شەش لیوای سوپای عێراق و میلیشیاكان دەبن و دوو لیوای پۆلیس دەبێت و سێ لیوای هێزی پێشمەرگە و یەك لیوایش لە لەشكری ئەمەریكا دەبێت.
(غەزوان حامد) گوتیشی، هێزی پێشمەرگە بەشداریی شەڕەكە ناكات و دەبێتە هێزی پشتیوانی و هاوكارییان دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بە چڕی مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن، بەڵام ئەمە بەس نییە، بۆیە ئەمەریكا بڕیاری داوە كە لیوایەك رەوانە بكات بۆ ئەوەی بەشداری لەو شەڕەدا بكەن.
(حامد) راشیگەیاند، تاوەكو ئێستا وادەی دەستپێكردنی پرۆسەكە دانەنراوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە سەرەتای مانگی چوار پرۆسەكە دەست پێ دەكات.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، دۆخی مووسڵ زۆر خراپە و لە ئێستادا خەڵكی مووسڵ زۆر دەترسێن و بەرەو سووریا و توركیا ڕادەكەن.
بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار