داعشەکانی تەلەعفەر و بیانییەکان شەڕیانە.. گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی چوونەتە شەڕێکی دۆڕاوەوە

تەلەعفەر-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی ڕاگەیاندین کە، شەڕێکی سەخت لە نێوان داعشەکانی تەلەعفەر و بیانییەکاندا بەرپا بووە، بەو هۆیەوەی کە جیاوازی و ململانێی توند لە نێوان سەرکردەکانی هەردوو لایاندا هەبووە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە تەلەعفەرەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت "بەو هۆیەوەی کە هەماهەنگی لە نێوان سەرکردەکانی داعش لە تەلەعفەر و بیانییەکانی داعشدا لە ئارادا نییە، شەڕێکی سەخت لە نێوان هەوادارانی هەردوو لا بەرپا بووە؛ هاوکات تەلەعفەرییەکانی نێو داعش گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە، ئەوان چوونەتە شەڕێکی دۆڕاوەوە و کۆتاییی داعشەکان نزیک بووەتەوە، بێئەوەی ئەو ئامانجەی کە هەیانبووە بپێکن."
شیاوی گوتنە، هەر ئەمڕۆ و بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانمان لە مووسڵ، داعشەکانی شاری مووسڵ، سێ جار بە نامە، سەرکردەی یەکەمی گرووپە تیرۆریستییەکەیان کە (ئەبوبەکر بەغدایی)ـیە، لە بێئاکامبوونی جەنگیان دژ بە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە ئاگادار کردووەتەوە و ئەمڕۆیش چوارەم نامەیان، کە بۆ هەمان مەبەستە بۆی ناردووە.
ئەم بێئومێدبوونەی تیرۆریستانی نێو گرووپی داعش، کە خۆی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناساندووە، پاش شکستە یەک لە دوایەکەکانیان دێت، کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر دەستی پێـشمەرگە لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە و دەڤەری شنگالدا بردوویانە و دواشکستیشیان لە هەردوو میحوەری مەخموور – گوێڕ و هەردوو میحوەری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کەرکووک بوو.




