سبەینێ دوو لیژنەی پێوەست بە نەوت کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند کە؛ سبەینێ لیژنەكەیان لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەڕلەمانی عێراق كۆ دەبنەوە؛ مەبەست لە کۆبوونەوەکە هاریکاری زیاتری نێوان هەردوو لیژنەکەیە بەتایبەت لەبواری نەوتدا.
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (شێركۆ جەودەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەینێ دووشەممە كاتژمێر 11 لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لە پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ لیژنەی نەوت وگازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆ ببێتەوە.
(جەودەت) دەشڵێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە هەماهەنگییە لە قۆناغی چاكسازی لە بواری نەوت و گاز لە گشت عێراقدا؛ هەروا چۆن كار بكرێت لەسەر یاساكان بە تایبەتی یاسای نەوت و گازی عێراق کە پێویستە بەزووترین كات و بەباشترین شێوە چۆنچۆناوی هەماهەنگی بکەین و؛ چونکە ئەو یاسایە زۆر گرینگە و پەیوەندی نەوتی رێكدەخات لە نێوان هەرێم و بەغداو پارێزگاكانی دیکەی عێراق؛ بۆیە گرینگە هەرێم لەو یاسایە قسەی جیددی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت مافەكانی خۆی دەستەبەر بكات.
(جەودەت) گوتیشی کە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کاراکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پێوەست بە نەوت دەکرێت.
نەشوان بەرزنجی




