ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی: بەم نزیکانە هێرشی زەوینی دژ بە داعش بەرپا دەکرێ

عەممان-KDP.info- ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ژەنەڕاڵ(جۆن ئالن) دەڵێ، بە فەرماندەیی هێزەکانی عێراق، بەم نزیکانە هێرشی زەوینی بە پشتیوانیی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بەرپا دەکرێت.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەردەنی(بەترا)، ژەنەڕاڵ(جۆن ئالن) هەروەها دەڵێ، هێزەکانی هاوپەیمانان ١٢ لیوای عێراق بە مەشق و چەکەوە بۆ هێرشی زەوینی ساز دەدات.
گوتیشی، ئەو(ئالن)، بەرەو وڵاتگەلی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەڕێ دەکەوێ تا ئەو هاوپەیمانەتییەی کە خۆی لە ٦٢ وڵاتی جیادا دەبینێتەوە، فروانتر بکات؛ هەڵبەت ژەنەڕاڵ(ئالن) ڕەتی کردەوە کە، ستراتیژی ئەو هاوپەیمانەتییەی ئەمەریکا سەرکردایەتیی دەکات، گۆڕانی بەسەردا بێت و جەختی کردەوە "ستراتیژمان ڕوونە و لەسەر بنەمای شکستبردن بە داعش بینا کراوە."
ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئاماژەیشی دا، هاوپەیمانان پشتیوانی لە هۆزەکانی عێراق دەکەن و کۆمەڵێک لاوی عێراقی و هێزەکانی ئەمەریکایش مەشق بە ئەندامانی هۆزەکان دەکەن و چالاکانە کار دەکەن تا دژ بە داعش بوەستنەوە؛ هەروەک چۆن لە ئەنبار دژ بە ڕێکخراوی قاعیدە کرا.
ئەو ژەنەڕاڵە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، "داعش دەوڵەتی ئیسلامی نییە، هەندێکیان پێیان وایە ئیسلامین، بەڵام ئێمە ئەمە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەوان نە دەوڵەت و نە ئیسلامییشن."




