لیژنەکانی پەرلەمان دەبنە چاودێر بەسەر وەزارەتەکانەوە
بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ گشت لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق دەبنە چاودێر بەسەر گشت وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقەوە، بۆ ئەوەی چیدی گەندەڵی لە بوودجەدا نەکرێت و، دیار بێ کە بوودجە لە چیدا و، چۆناوچۆن خەرج دەکرێت.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمساڵ پەرلەمان چاودێریی تەواوی گشت وەزارەتەکان دەکات، کە چۆنچۆنی بوودجە خەرج دەکەن. جاران بەو شێوەیە نەبووە کە پەرلەمان چاودێریی بوودجە بکات لە گشت وەزارەتەکاندا، ئەمە یەکەم ساڵە بەو شێوازە کار دەکەین؛ ساڵان ئەگەر چاودێرییەکیش هەبووبێ، وەک پێویست نەبووە؛ بۆیە ئەو هەموو گەندەلییە لە بوودجەدا دەکرا، ئەمساڵ هەر لیژنەیەکی پەرلەمان چاودێریی وەزارەتەکان دەکات، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی گەندەڵییە لە دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقدا".
نەشوان بەرزنجی




