عێراق و ئێران پێکەوە بە دوای بێسەروشوێنبووانیان دەگەڕێن

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د.ئەشواق جاف) دەڵێت، داوایەکی یەکجار زۆری هاووڵاتیانی عێراق گەیشتووەتە لیژنەکەیان کە پێوەستە بەو هاووڵاتییانەی لە جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا بێسەروشوێنبوون؛ وێڕای بوونی لیژنەیەکی هاوبەش لە ئێران و عێراق کە پێکەوە بەدوای بێسەروشوێنبووانیان دەگەڕێن، هاوکات هەفتەی دادێ بە نووسراوێک کونسوڵگەری ئێران لە بەغدا ئاگادار دەکەینەوە کە زانیاریمان لەبارەی هەندێ ناو پێبدات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (د.ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت کە، داواکاریەکی یەکجار زۆری هاووڵاتیانی عێراقیان پێگەیشتووە کە پێوەستە بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانەی لە جەنگی عێراق و ئێراندا بێسەروشوێن بوون، هاووڵاتیان داوا دەکەن بزانرێت کە ئەو کەسانە زیندوون یان ئەوەتا لە ژیاندا نەماون و داوای سۆراخی کەسەکانیان دەکەن. هەروا گوتیشی کە ئێمە ناوی ئەو کەسانەمان رەوانەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق کردووە کە زانیاریمان لابووە بێسەروشوێن بوونە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمانی عێراق دەشڵیت، ئێستا تیمێک لە هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران پیکەوە کاردەکەن بەتایبەت لە ناوچەی بەسڕەو فاو و چەند شوێنێکی دیکە؛ هەندێ لاشەیان دۆزیەوەتەوە و ناوەکانیان راگەیاندراوە بەڵام هەندێ لاشەی دۆزراو هەن ناوەکانیان نەزانراوە و رەوانی پزیشکی دادی کراون.
(ئەشواق جاف) راشیگەیاند کە، هەفتەی دادێ، نووسراوێک بەشێوەیەکی فەرمی ئاراستەی کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو کەسانەی کە ناوەکانمان دیاریکردوون زانیاریمان پێبدەن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەبین.
نەشوان بەرزنجی




