دادوەری دادگای شەرعییان کوژرا.. داعش خاچی سەر کڵێسای ساعەی ھێنایە خوارەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، دادوەری دادگای شەرعیی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ کوژرا و، ئەمڕۆیش داعش خاچی سەر کڵێسای ساعەی لە مووسڵ ھێنایە خوارەوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند. فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان، مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەی مەنسووری مووسڵ بۆردوومان کرد، لە ئاکامدا دادوەری دادگای شەرعیی داعش بە ناوی (نازم ئەبو حەفسە) کوژرا.
(عیسمەت رەجەب)گوتیشی، بەم شەوە، فرۆکە جەنگییەکان لە بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی داعش بەردەوامن و دەنگی تەقینەوەکانیان دەبیسترێت.
(رەجەب) هەروەها گوتی، تیرۆریستانی داعش پاش گەمارۆدانی ناوچەکە، خاچی سەر کڵێسای ساعە کە دەکەوێتە لای راستی شاری مووسڵەوە، ھێنایە خوارەوە.
کلێسای ساعە مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٢ـی زاینی و یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگای مووسڵ.
بڵند ئیبراھیم




