٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نیویۆرک‌تایمز: بۆچی سوننەکان باوەشیان بۆ داعش کردەوە؟

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info- ماڵپەڕە ئەمەریکاییەکەی نیویۆرک‌تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی دۆخی عێراقی کردووە کە پێویستی بە ئاشتەوایی سیاسی هەیە. نووسیویەتیشی کە (مالکی) ئاگری خستە  نێوان سوننە و شیعە، بۆیە سوننەکان باوەشیان بۆ داعش کردەوە.

ماڵپەڕی نیویۆرک‌تایمز نووسیویەتی کە ئەوەی تێبینی دەکرێت و بەرچاوە و دڵخۆشکەرە بۆ جیهان، پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و ئاسمانەهێرش داعشیان شکاندووە و، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تیرۆریستانی داعش کوژراون و، کەلوپەلەکانیان تێک شکێنراون و، ناوچەیەکی زۆریان لێ پاک کراوەتەوە.
ئەو ماڵپەڕە جیهانییە باسی ئەو قەیرانە سیاسییەیشی کردووە کە عێراق هەمیشە بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی. هەڵبەت دیارە ئێستا هەوڵی ئاشتبوونەوە سەری نەگرتووە، بەتایبەتی ئاشتەوایی سیاسی سوننە و شیعە، هەر ئەوەش گرفت و هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی داعش بوو؛ هەتا داعشیش مابێ، کەس ئیسراحەت ناکات.
ڕاپۆرتەکە باسی ڕۆڵی خراپی (نووری مالکی) کردووە کە، سەرۆکوەزیرانی جارانی عێراق (مالکی) ئاگری خستە نێوان سوننە و شیعە و، بە توندوتیژی بەرهەڵستی سوننەکانی کرد تا سەرەنجام سوننەکان باوەشیان بۆ داعش کردەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە سەرکردە باڵاکانی شیعە ڕۆڵێکی باش ناگێڕن لە ئاشتەوایی سیاسی نێوان کۆمەڵگا عێراقییەکاندا، سەرۆکوەزیرانی ئێستا (عەبادی) تێدەگات لە پێویستی ئاشتەوایی سیاسی و، هەنگاویشی بۆ ناوە، بەڵام بە داخەوە لەلایەن زۆرێک لە سەرکردە شیعەکانەوە بەرهەڵستی دەکرێت، هەر بۆیەش پرۆسەکە هەنگاوی باشی نەبڕیوە.
هەڵبەت لە کۆتاییەکەی ڕاپۆرتەکەی (نیویۆرک‌تایمز) دا هاتووە، کە عێراقییەکان ناتوانن ئەو کارە بۆ خۆیان بکەن، بە تایبەتی ئێستا کە دۆخی ناوچەکە لە شەڕدایە، ڕاپۆرتەکە بە پیویستی زانی کە ئەمەریکا دەبێت ڕۆڵی نوێنەرایەتییەکەی لەوێندەرێدا کاراتر بکات لەسەر ئاستێکی بەرزی نوێنەرایەتیدا ئەو نێوانگیرییە بکات بۆ ئەوەی هەموولا (کورد و سوننە و شیعە) بەشداری کارای دەسەڵات بن، و مافی هیچیان نەخورێت.
ڕاستە هێزەکان سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێناوە، بەڵام دەستکەوتە سەربازییەکان ئەگەر دەستکەوتی سیاسی ناوخۆی لەگەڵدا نەبێت لەناودەچنەوە. بۆیە زۆر گرینگە کە ئەمەریکا و عێراقییەکان لەگەڵ سەرکەوتنەکانیان بەسەر داعشدا، سەرکەوتنی سیاسییش دەستەبەر بکەن.

و/ خالید ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار