زیاتر لە 34 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێم، هێشتا ملیۆن دینارەکەیان وەرنەگرتووە

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، 27 کەمپ لە کوردستان بۆ ئاوارەکان دروست کراون، بەڵام لەبەر زۆریی رێژەی ئاوارەکان ئەو کەمپانە بەشی ئاوارەکان ناکەن، هەروەها حکوومەتی عێراق وەک پێویست هاوکاریی ئاوارەکانی نەکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 34 هەزار خێزانی ئاوارە ماون کە بڕی یەک ملیۆن دینار وەربگرن.
(شاکر یاسین) بەرپرسی نووسینگەی کۆچ و کۆچبەران سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، گوتی 27 کەمپ لە کوردستان بۆ ئاوارەکان دروست کراون و زۆربەی ئەو کەمپانە ئاوارە چوونەتە ناویانەوە، تەنیا چەند کەمپێک ماون، بەڵام ئەو کەمپانە جێگەی هەموو ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارە نابێتەوە و پێویستمان بە ڕێژەیەکی زیاتر هەیە.
(شاکر یاسین) سەبارەت بە هاوکارییەکانی عێراق بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2014ـە 850 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەکان تەرخان کردبوو، قۆناخی یەکەم 150 ملیۆن دۆلاری بۆ دابین کردبوون و، هەر خێزانێکی ئاوارەبوو بڕی ملیۆنێک دیناری پی درا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا 34 هەزار و 808 خێزان لەو بڕەپارەیە سوودمەند نەبوونە."
بە گوتەی (شاکر یاسین)، پارەکەی دیکەیش حکوومەتی عێراق داویەتییە ڕێکخراوەکان، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ ئاوارەکانی خەرج بکەن، "بەڵام وەک پێویست ئەوانیش ناتوانن هاوکاری ئاوارەکان بکەن؛ ئێمەیش هەموو کاتێک گلەیی ئەوەمان کردووە، کە دەبێت ئەو پارەیە لە رێگەی حکوومەتی هەرێمەوە بێت، نەک ڕێکخراوەکان، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە بە دەستی ئاوارەکان ناگات، یان وەک پێویست لە ئاوارەکان خەرج ناکرێت."
رابین شێروانی




