ئەردەن دوو تاوانباری لەداردان

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوتاندنی (مەعاز کەساسبە) فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەی بڵاوکردەوە، ئەردەنیش سەر لەبەیانیەکی زووی ئەمڕۆ ساجیدە ڕیشاوی و زیاد کاربۆلی لە سێدارەدان.
ئیندیپێندێنت لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، (مەعاز)ـی فڕۆکەوان ئێوارەی کریسمەس لە سووریا فڕۆکەکەی کەوتە خوارەوە و، خۆیشی کەوتە دەستی داعشەکان، ڕۆژێک دواتر باوکی (مەعاز) تکای لێکردن کە ڕەحمی پێبکەن، سەڕەرای هەوڵەکانی ئەردەنیش بۆ ڕزگارکردنی، بەڵام (مەعاز)ـیش وەکو بارمتەکانی تر کەوتە بەر دڵڕەقی و نامرۆڤایەتیی داعشەکان.
بیبیسی لە ڕاپۆرتێکدا لەو بارەیەوە نووسیویەتی، چەند سەعاتێک لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ئەم بەیانییە ئەردەن، (ساجیدە ڕیشاوی) و (زیاد کەربۆلی) لەدار دان؛ (ساجیدە ڕیشاوی) تاوانبار بوو بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا کە بووە هۆی کوژرانی ٦٠ کەس. هەروەها (زیاد کەربۆلی)، بە کوشتنی هاووڵاتیانی ئەردەنی لە ساڵی ٢٠٠٨ تاونبار کرابوو.
کاردانەوەکان:
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە و پشتڕاستکردنەوەی سوتاندنی فڕۆکەوانەکە لەلایەن داعشەوە، شاعەبدوڵلای پاشای ئەردەن کە بەسەردانێک دوێنێ سێشەممە لە ئەمەریکا بوو، سەردانەکەی کۆتایی پێدێنێت و دەگەڕێتەوە.
لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی: (شاعەبدوڵلا) بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکا بوو بۆ بینینی (جۆو بایدن) جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و، (جۆن کێری) وەزیری دەرەوە، هەوەها پێدەچوو ئامادەی خوانێکی بەیانییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەش بووبایە کە ئەمەریکا بۆ سەرکردە ئایینەکانی دنیا بە ناوی نوێژی نیشتمانییەوە ڕێکیخستووە.
(باراک ئۆباما) سەرۆکی ئەمەریکا، وێڕای دەربڕینی پرسە و هاوخەمی بۆ (شاعەبدوڵلا)، داعشی بە بەدکار و بەربەری ناوبرد و، گوتی: "ئەوە ئەرکی هاوپەیمانان لە بەرامبەر داعشدا دووجار زیاتر دەکات، ئەوان لەسەر هەر بیر و هزرێک بن هەر دۆڕاون."
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کورستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش هەر زوو ئەو کارە نامرۆڤایەتییەی داعشی ڕیسوا کرد و، سەرخۆشی لە (شاعەبدوڵلا) و گەلی ئەردەن و خانەوادەکەی کرد.
(دەیڤد کامیڕۆن) و (فرانسۆ هۆڵاند) و زۆربەی زۆری سەرکردەکانی دنیا بە بەیاننامە داعشیان ڕیسوا کرد و، هاوخەمی و پرسەیان بۆ گەلی ئەردەن نیشان دا.
و/ خالید ئەحمەد




