دیارە گرفتەکە داعشە، بەڵام چارەسەرەکەی هەڵەیە

هەولێر-KDP.info- ماوەیەکە میدیاکانی دەرەوە فراونتر باسی لاوازیی ڕۆڵی هاوپەیمانان دەکەن بە تایبەت ئەمەریکا، بۆ لەناوبردنی داعش؛ سیناتۆرەکانی ئەمەریکا و، بەرپرسانی بەریتانیایش هەستیان بەوە کردووە کە دەبێت شێوازی شەڕ لەگەڵ داعشدا بگۆڕن.
دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا کاردانەوەی سیناتۆر (لیندسی گراهام)ـی بڵاو کردووەتەوە لەسەر درێژەی سەربڕین و، کارە نامرۆڤانەکانی داعش؛ ئەو دەڵێ (ئۆباما) و دەوڵەتەکەی ئامانجێکی ڕاست و دروستیان هەیە، بەڵام نازانن چۆنی بپێکن.
(لیندسی گراهام) ــ کە ئەندامی لیژنەى سوپای ئەمەریکایە ــ لە تەلەڤزیۆنی دەنگی ئەمەریکاوە گوتی: "ئاسمانەهێرش داعش ناڕووخێنێت، دەبێت هێزی زەوینی لە عێراق و سووریا بەرپا بکرێت بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە و هێزەکانی تری ناوچەکە."
لۆرد (دانێت) سوپاسالاری جارانی بەریتانیایش لە چاوپێکەتنێک لەگەڵ (سکاینیوز)دا هۆشداریی دا کە، بە تەنیا ئاسمانەهێرش چارەی داعش ناکا، ئاخر داعش ڕووبەڕێکی فراوانی ناوچەکەی داگیر کردووە.
لۆرد (دانێت) کە ناوچەکە باش دەناسێت و، لە عێراقیشدا خزمەتی کردووە، ئەو دۆخە خراپە بەردەوامەی عێراقی بۆ نەبوونی پلانی تۆکمەی هاوپەیمانان گێڕایەوە، دوای جەنگەکەی عێراق؛ دەیشڵێت، "خەتای خۆمان بوو، ئەویش بەرهەمەکەیەتی."
و/ خالید ئەحمەد




