ئەمساڵ ٥٥ هەزار کەس دادەمەزرێندرێن
بەغدا-KDP.info-ئەندامی پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ (د.ئەشواق جاف) رایگەیاند کە، ئەمساڵ ٥٥ هەزار کەس لە عێراق دادەمەزرێندرێن و؛ لەو ژمارەیەدا ٢٠ هەزاری بۆ وەزارەتی بەرگریی و ١٥ هەزاری دیکەی بۆ وەزارەتی نێوخۆ دەبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراقی فیدڕاڵ (د. ئەشواق جاف ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بودجە لە لایەن پەڕلەمانی عێراق پەسەندکرا زیاتر لە ٥٥ هەزار پلەی دامەزراندن دیاریکراون کە، بەگوێرەی پێویستی وەزارەتەکان پلەبەندی بۆ کراوە، بەڵام پشکی شێر بۆ وەزارەتی بەرگرییە کە تەنیا بۆ ئەو وەزارەتە ٢٠ هەزار کەس دادەمەزرێندرێن، بە دوای ئەویشەوە وەزارەتی نێوخۆ دێت کە، ١٥ هەزار و دووسەد کەسی بۆ دادەمەزرێندرێت. هەروا پێوەست بە وەزارەتەکانی دیکە (د.ئەشواق جاف) گوتی کە، بۆ وەزارەتی تەندروستی ١٣ هەزار و پێنجسەد کەس، وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ١٥٠٠ کەس، ئەنجوومەنی دادوەری هەزار و دووسەد کەس، وەزارەتی دارایی چوارسەد و دوازدە کەس، وەزارەتی خوێندنی باڵا حەوتسەد و پەنجا کەس و دواتریش وەزارەتەکانی دی دێن کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان بۆ دانراوە.
هەروا سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان (جاف) گوتی کە، بۆ هەرێمی کوردستان ٢ هەزار و چوار سەد و یازدە کەس دا دەمەزرێندرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمانی عێراق ئاماژەیشی کرد کە، ئەمساڵ پارەیەک بۆ کۆمپانیاکان تەرخانکراوە و؛ بەگوێرەی پشکی هەرێمی کوردستان کە ١٧%ـە؛ پارەی تەرخانکراو کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
نەشوان بەرزنجی




