پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرا

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پەرلەمان دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی پەسەند کرد، بۆ ئیمزاکردنی رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق(ئارام شێخ محەمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق پێنجشەممەی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی٢٠١٥پەسەند کرد، لەئێستادا رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی کردووە بۆ ئەوەی ئیمزای بکات."
بەپێی دەستووری عێراق سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ١٥رۆژی لەبەردەم ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە ئیمزا بکات.
دوێنێیش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیراون سیرینی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ھەرکاتێک پڕۆژەیاسای بوودجە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار بکرێت، دوا ناکەوێت و لە ماوەیەکی کەمدا ئیمزای دەکات، چونکە ھیچ کێشەیەکی تێدا نییە و ھەموو لایەنەکان پێی رازی بوون.
بڵند ئیبراھیم




