٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شاخەوان عەبدوڵڵا: له‌ حكوومەته‌كه‌ى مالیكى، پۆستە باڵاكان بە پارە فرۆشراون.. بەڵگی زۆرمان هەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ دەڵێت، لەبەر ئەوەی رێكاری یاسایی توند نەمابوو بۆ پێدانی پلە سەربازییەكان و نووسینگەی (مالیكی) سەرپشك كرابوو لە دابەشكردنی پۆستە سەربازییەكان، بۆیە زۆر بە ئاسانی پلەی فەرماندەی فیرقە و هەموو پۆستەكانی تریش بە پارە فرۆشراون.

جێگری سەرۆكی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپه‌ڕى فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی حكوومەتەکەی (مالیكی)ـدا، كار گەیشتبووە ئەوەی پۆستە ئەمنییەكان بە پارە بفرۆشرێنەوە، یان پۆستی زۆر گەورە لەلایەن (نووری مالیكی)ـیەوە وەكو شیرینی و دیاری بەخشراوە بە كەسانی بێئەزموون؛ لەبەر ئەوەی رێكاری یاسایی توند نەمابوو بۆ پێدانی پلە سەربازییەكان و نووسینگەی (مالیكی) سەرپشك كرابوو لە دابەشكردنی پۆستە سەربازییەكان، بۆیە زۆر بە ئاسانی پلەی قائید فیرقە و هەموو پۆستەكانی تریش بە پارە فرۆشراون؛ نموونە و بەڵگی زۆریشمان هەن بۆ ئەم بابەتانە."

(شاخەوان عەبدوڵڵا) پێوەست بە كارەكانی لیژنەكەیشیان دەڵێت: "دوێنێ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ كۆ بووینەوە، تێیدا باس لە هۆكاری نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەكانی حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكانی مووسڵ كرا، هەندێ شت لەبارەی پارێزگاری مووسڵەوە گوترا؛ پیشتر پارێزگاری مووسڵ قسەی زۆری كردبوو لەبارەی ئەم جەیشەی (مالیكی)ـیەوە كە لە مووسڵ بوون، بەڵام نەیانتوانی بوو هەماهەنگی بكه‌ن بۆ كێشەكانی نێوانیان، هەندێك شتی نەبیستراویش لەبارەی سوپاوە گوترا كە دەری دەخست بەرپرسان لەلایەن بەغداوە لە پۆستەكانیان دانراون و، هیچ گوتووێژ و پەیوەندییەكیان بە خەڵكی مووسڵەوە نەبووە، پارێزگاری مووسڵیش بێبەش نەبووە لە كەمتەرخەمییەكان."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار